سبەینێ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

وابڕیارە سبەینێ‌ لە سلێمانی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بۆ داواكردنی مووچە دەستپێبكاتەوە.

بەپێی بانگەوازێك، كە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بڵاویانكردۆتەوە، تێیدا نوسراوە "سبەینێ‌ یەك شەممە لە كاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی تكایە ھەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ لەبەردەم بانكی ھەرێم ئامادەبن بۆ خۆپیشاندان، دەشڵێن نایەڵین ھیچ بڕە پارەیەك دەربچێت تاوەكو مووچەی مانگی ٦ وەرنەگرین".

بەپێی خشتەی مووچە، كە وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگی ٦ ڕایگەیاندبوو، بڕیار بوو سەرجەم مووچەخۆران پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی ٦ وەربگرن، بەڵام چەند فەرمانگەیەكی سەر بە شارەوانی و خوێندنی باڵا كەوتنە دوای جەژن.

لەکاتێکدا بڕیار بو ڕاستەخۆ دوای جەژن مووچەکانیان پێبدرێت، بەڵام تا ئێستاش مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی خوێندنی باڵا لە سلێمانی نەدراوە.



PM:04:20:23/07/2022