وەزارەتی پێشمەرگە: سوكایەتیكردن بە پێشمەرگەیەكمان قابیلی قبوڵكردن نییە



وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەو سوكایەتییەی مەفرەزەیەكی حەشدی شەعبی بەرامبەر پێشمەرگەیەك كردوویانە مایەی قبوڵكردن نییە".

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لە رووداوێكی نەخوازراودا، مەفرەزەیەكی حەشدی شەعبی، هەڵیانكوتاوەتە سەر (پ. م ئەیمەن عەبدی جاسم) پێشمەرگەی لیوای 9ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دوور لە هەموو عورف و یاسایەك، ئەم مەفرەزەیە زۆر بە شێوەیەكی ناشیرین سوكایەتیان بەو پێشمەرگەیە كردووە و كاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجام داوە".
 
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم كردەوەیە جێگای قبوڵكردن نیە، داوا لە هێزە ئەمنیەكانی كەركوك دەكەین، كە دەستبەجێ، لیژنەی  لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێك بهێنن و تۆمەتباران دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسایان بكەنەوە، بۆئەوەی هیچ كەس و لایەنێكی تر هەوڵ نەدات ئەم جۆرە كردەوە ناشیرنانە دووبارە بكاتەوە".

ئەمڕۆ پێشمەرگەیەكی كاكەیی لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە دەستگیركرا و لەئەنجامدا بەشێك لە قژ و سمێڵیان تاشی و پاشان ئازادیان كرد.



PM:11:19:23/07/2022