د.هەڤاڵ ئەبوبەكر بە 256 وشە یادی بزووتنەوەی گۆڕان دەكاتەوە

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە ساڵیادی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "ئەو ڕۆژە 25/7/2009 بوو، ڕۆژی نوێ بوو، نیشتمان بوو بە چراخان، پیرۆزبێت لە هەموو هەموو، بە ئەوان و ئێوەو ئێمەیشەوە، دەخوازم وەك هەمیشە باوەڕی خزمەتگوزاریی و تێكۆشانی خۆنەویستانەی خۆبەخشانەی مەدەنیانەمان پتەو پراكتیزەكراوبێت، بەرژەوەندییەكان چارۆكەی كەشتییەكان بە دڵی با، نەبەن".

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی كە لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرتووە، لە ساڵیادی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پەیامەی بڵاوكردەوە.


دەقی پەیامەكە..

ڕۆژی گۆڕان، ڕۆژی ئیرادەو ئومێد

ئەو ڕۆژە بیر بوو بە بڕوا، بوو بە باوەڕ، بوو بە گوتارو بوو بە ڕەفتارو خوێن جما، هەناسە دوا ئاخەكانی خۆی فڕێدا، ڕێگا هەنگاوەكانی خۆی دۆزییەوە، سەر بە چاوو بە بیستن و بە دەنگی خۆی ئاشنابۆوە، هەموو ئەوانەی تەریك و تەنها و تاك تاك، گۆشەكانی ئەم نیشتمانەو تاریكییەكانی ئەم وڵاتەو سەنگەرو زانكۆو قوتابخانەو مزگەوت و كڵێساو شەقام و كۆڵان و كوچەو دوندو دۆڵی ئەم كوردستانەو تاراوگەشیان تەنیبوو، كۆبوونەوە، ئەو ڕۆژە هەر سەربوو دادەگیرسا، هەر چرابوو هەڵدەبوو، هەر‌ هیوا بوو گەشدەبوو، ئومێد لە گەشتی دووری تەمەنی نائومێدیی گەڕایەوە، ئاوات و خواستە نیشتمانییەكانی وڵاتی كردە هەگبەی سەفەری هاتنەوەو، مێژوو بووەوە بە ئێستا، ئایندە هات بۆ ئێستا، ژیان گۆڕا، جۆری خەبات و مۆدێلی تێكۆشان گۆڕا، ئیتر تفەنگەكان بێدەنگ و هەواری بێهاواری نیشتمان پڕبوو لە هاوار، ئەو ڕۆژە هەموومان لەوێ بووین، هەموتان دڵتان لەوێ بوو، هەموویان هۆشیان لەوێ بوو.

ئەو ڕۆژە 25/7/2009 بوو، ڕۆژی نوێ بوو، نیشتمان بوو بە چراخان، پیرۆزبێت لە هەموو هەموو، بە ئەوان و ئێوەو ئێمەیشەوە، دەخوازم وەك هەمیشە باوەڕی خزمەتگوزاریی و تێكۆشانی خۆنەویستانەی خۆبەخشانەی مەدەنیانەمان پتەو پراكتیزەكراوبێت، بەرژەوەندییەكان چارۆكەی كەشتییەكان بە دڵی با، نەبەن..

گۆڕان؛ ئیرادەو بەرنامەو ئومێدو ئامانجە، خۆنەویستیی و خەڵكدۆستیی و خزمەتە، ڕێگایەكی دورە بەڵام ڕاستە، ڕەوایە، هەناسەو هەنگاوو بەردەوامیی و جەسورتی و جەسارەت و سوربوون و مكوڕبوون و شێرگیریی و ڕاستڕێكردنی دەوێت.

گۆڕان؛ تەنها هێزێكی سیاسیی نییە، هێزێكە لە ناو هەر كەسێكی هۆشیاری بەرپرسیاردا، هەبونێكە پاراستن و پەرەپێدانی دەوێت.

لەم یادەدا، درود بۆ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاو هەر كەسێك كە لە هەر دۆخ و قۆناغێكدا بووبێت شتێكی بە تەوژمی ڕەوای گۆڕانكاریی ڕیشەیی بەخشی، یان دەبەخشێت، یان خوازیارە كە بیبەخشێت..





PM:11:05:24/07/2022