قەرەیڵان بابەتێکی نوێ لەسەر پارتی دەڵێت


سەركردەیەكی باڵای پەكەكە رایدەگەیەنێت "توركیان نزیكەی ١٠٠ خاڵی سەربازیی و ٣٠ هەزار سەربازی لەسەر خاكی عێراق هەیە و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامداوە".

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕادیۆی (دەنگی وڵات) رایگەیاندوە "ئێستا زۆربەی بڕیارەكانی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ڕاستن، بەڵام ئەو ژمارانەی دەیدەن كەمێك كەمترن لەوەی هەیە، ڕەنگە زانیارییەكانیان تەواو نەبێت، لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانەی دەوڵەتی تورك، كە لە باشووری كوردستان دروستكراون نزیكەی ١٠٠ خاڵن، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی لەسەر خاكی عێراق جێگیركراون و چالاكن، بەلانیكەمەوە ٣٠ هەزار سەربازن".

قەرەیلان وتیشی "ئێستاش هێزە تایبەتەكان، كۆماندۆ…. هتد و هەموو لیوا پسپۆڕەكانی دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستانن، واتە لە عێراقدان، باش دەبێت كە مرۆڤ ئەمە بە دروستی بزانێت، بابەتێكی تر ئەوەیە، كە لە ماوەی سێ مانگدا و لە ١٤ی نیسانەوە تاوەكو ١٤ی تەمموز ژمارەی بۆردومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ سەر خاكی عێراق دوو هەزار و ٥٧٤ و ژمارەی هێرشی هەلیكۆپتەرەكانیش هەزار و ٩٣٣ هێرش بووە".

قەرەیلان روونیكردۆتەوە "ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم و پەدەكە هەڵوێستێكی نوێ بگرنەبەر، ئەگەر بیانەوێت دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە و دەتوانن هەڵوێستێكی نوێ لە بەرامبەر داگیركاریی توركیا پەرە پێبدەن، بەواتایەكی تر لە بەرامبەر زیادبوونی هەژموون باڵادەستیی داگیركاری و دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان، دەكرێت هەم هەڵوێستی نەتەوەیی كوردستانی و هەم عێراقیش پەرەی پێ بدرێت، هەم دەتوانن دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنن".

ئەو سەركردە باڵایەی پەكەكە وتویەتی "بەشێك لە سیاسەتی باشووری كوردستان هەر پێشتریش خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام ئەوانەی تائێستا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوە، ئەوانەشی هاوكارییان دەكەن، دەتوانن دووبارە هەڵوێستی نوێ نیشان بدەن، چونكە ئەوە شتێك دەكرێت، لە هەمانكاتدا هیواش هەیە كە ئەم سیاسەتە بگرنەبەر و دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنین، ئێمە هیوادارین لەم چوارچێوەیەدا پێشكەوتن ڕووبدات".





PM:10:02:27/07/2022