بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگۆڕدرێت


بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و جێگری بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە دەكرێتە بەڕێوەبەر.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست (سپی) كەوتووە، بڕیاری گۆڕینی ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كۆتایی هاتووە و لە شوێنیدا هەندرێن هیوا موفتی كە ئێستا جێگری بەڕێوەبەرە دەكرێتە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە.

هەر بەپێی زانیارییەكان هۆكاری گۆڕینی تاهیر عەبدوڵا دەگەڕێتەوە بۆ خانەنشینبوونی، چونكە ناوبراو بەپێی یاسا ماوەی سێ ساڵە دەبوو خانەنشین بكرێت، بەڵام بۆی درێژكراوەتەوە، بۆیە ئەمساڵ بڕیاری گۆڕینی دراوە و دەبوایە لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە گۆڕانكارییەكە ئەنجام بدرایە، بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پێشتر بڕیار بوو نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە شوێنی تاهیر عەبدوڵا بگرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) چەند سەركردەیەكی یەكێتی پێیان باشە نوخشە ناسیح هەر لە پۆستەكەی ئێستایدا بمێنێتەوە.   




PM:10:32:27/07/2022