ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی فرۆشتنی
چەند ئاژەڵێک بە زیادکردنی ئاشکرا دەڵێت: ئاژەڵەکان هی ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵە لە
بەکرەجۆ و بەپێی یاسا دەفرۆشرێن.
دەقی ڕوونکردنەوەکە بەمشێوەیە هاتووە:
دەستخۆشی و سوپاس بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی :
سوپاس و پێزانیم هەیە بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی
و هەموو پەروەردەی پارێزگاکانی دیکەش کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن.
بەداخەوە هەندێک میدیا بێ لێوردبوونەوە هەواڵێک دادەرێژن لەبارەی زیادکردنێکی
ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بێ لێوردبوونەوە و گەڕان بەدوایی وردەکارییدا، بەڵام
باشتر بوو بەدواداچونیان بکردایە و دەیان راپۆرتی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیان
بکردایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە بزانن بنەڕەتی ئەو بابەتە چییە و چۆنە ؟،
ئەوکات دەبوە هاندان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە توانا و کارامەییەکانی قوتابیان و خوێندکاران و رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستاکان ، بۆ
بەرچاو ڕوونی هەموو لایەک :
١-ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆ یە ، بەشەکانی ( ئاژەڵداری - دەواجن
- رووەکداری ) ساڵانە مامۆستایان و قوتابیان
بە پشتگیری دارایی حکومەت ئاژەڵ و پەلەوەر و نەمام دەکڕن و مامۆستایان و قوتابیان
و خوێندکاران لەو ئامادەییە پرۆژەی کشتوکاڵییان هەیە ، وانەی پراکتکی لەسەر دەخوێنن
و بەخێویان دەکەن، کە بەرهەمیان زیاد دەکات و هەروەها کە سوودیان نامێنێت بۆ بابەتی
خوێندن ، لە کۆتایی ساڵی خوێندن بە زیادکردنی ئاشکرا و بەشێوەیەکی یاسایی راگەیاندنی
فرۆشتنی بۆ دەکرێت چ ئاژەڵ بێت یان پەلەوەر یان گوڵ ونەمام… ، سودەکەی دەبێتە
داهات ، بەکاردێت بۆ : ( بەشێکی بۆ پرۆژەی ساڵی ئایندەتر ) بەشێکی قازانجەکەی بۆ (
مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەروەردە کە بەشداریان کردوە لە پرۆژەکەدا)
بەشێکی دیکە بۆ ( کڕینی پێداویستی تەکنیکی بەشەکانی ئامادەییە کشتوکاڵییەکە) تەرخان
دەکرێت.
٢- ئەم کارە ئەنجام دەدرێت بە گوێرەی ( ڕێنمایی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان-
پیشەیی(.
٣- ئامادەیی کشتوکاڵی
سلێمانی ، ساڵی پار (١٦٠ تۆن ) بەرهەمی گەنمی هەبووە و بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراوە.
لەکۆتاییدا سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابیان و
خوێندکاران ، سوپاس بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە توانیویانە بەکردار بەرهەمیان هەبێت .
داوا لە بەشێک لەو میدیا بەرێزانە دەکەم هاندەر
بن بۆ کەرتی پەروەردە ، هاندەربن بۆ خوێندنی پیشەیی کە ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستانی
پێویستیمان بە برەودان و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی هەیە و لە ئێستادا تواناکانمان چڕکردۆتەوە
بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی ، هەتا خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی پێشنەخەین
بەگوێرەی بازاڕی کار وپێداویستییەکانی کۆمەڵگە
ئەستەمە کادری ئامادەکراوی کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان پەیدابکەین ، بەشێکی گەورەی
وەرچەرخانی کەرتی پەروەردە ، خوێندن و فێربوونە بەکردار.
ئالان حمە سعید
وەزیری پەروەردە
٢٨ ی ٧ ی ٢٠٢٢