یەكگرتووی ئیسلامی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە


یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئیدانەی خەڵاتكردنی بكوژی د.هۆشیار ئیسماعیل دەكەن و داوا دەكەن داواكاری گشتی رۆڵی خۆی ببینێت".

یەكگرتووی ئیسلامی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بابەتی خەڵاتكردنی بكوژی شەهید (دكتۆر هۆشیار  ئیسماعیل)بە خەرقێكی گەورەی هەیبەتی دادگا و سەروەری یاسا دەزانین، هەروەها ئاسانكارییە بۆ تەشەنەكردنی تاوان و لە یاسا دەرچوون و ڕێگە خۆشكردنە بۆ پشێوی كۆمەڵایەتی، بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژان، خەڵات دەكرێن".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە ئیدانەی ئەو كارە نایاسایی و سەرپێچیە دەكەین، ئەوەی كراوە لەم كەیسەدا، لەجیاتی بكوژ  لەسێدارە بدەن! خەڵاتی دەكەن و لە ڕاگەیاندن شانازی پێوە دەكەن، ئەوە مایەی استفزاز و سوكایەتیكردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوكارانی شەهید دكتۆر هۆشیار". 

یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت "بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێكردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بكوژانی دكتۆر هۆشیار، بەڵام نەك جێبەجێیان نەكرد، بەڵكو خەڵاتیان كرد".

وەك راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ كردووە "بۆیە داوا دەكەین داواكاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەكانی دادگا قبوڵ نەكەن و دەسەڵاتداران چیتر سوكایەتی بە مافی ستەملێكراو و بڕیارەكانی دادگا نەكەن، بە توندی ئەو كارە نایاساییە ڕەتدەكەینەوە و بێڕێزیە بە مافەكانی مرۆڤ و یاسا بەركارەكان".

دوێنێ لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی هەولێر مەراسیم بۆ خەڵاتكردنی دوو سزادراو سازكراوە كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەستهێناوە و یەكێكیان بەتاوانی بەشداربوون لە كوشتنی د.وشیار ئیسماعیل لە چەند ساڵی رابردوودا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئەو خەڵاتكردنەش نیگەرانی زۆری كەسوكاری د.وشیار و یەكگرتووی ئیسلامی لێكەوتۆتەوە.



PM:11:45:03/08/2022