راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر بارودۆخی ئەمنی هەرێم

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی راگەیەندراوێك سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی ئێستای هەرێمی كوردستان، بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هاتووە: ئێمەی گەلی كوردستانی قاڵبووی خەباتی پێشمەرگایەتی، دەبێ وریای ئەوەبین، نەسەركەوتنی گەورەو بچوك بێباكمان دەكات، نەپاشەكشەی سەربازی و تاكتیكی شەڕگە گۆڕین، ئیرادەی سەركەوتنمان لاواز دەكات.


دەقی راگەیەندراوەكە:


راگەیەندراوێكی یەكێتیی
سەبارەت بە دۆخی عەسكەری ئێستا
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر بۆ نەتەوەكەمان و ناوچەكەو تەواوی جیهان دەركەوت، كە تیرۆریستە رەشە كوژەكان، دوژمنی نیشتمان و نەتەوەو دیموكراسی و ئازادی وڵاتان و گەلان و ئازادیخوازانی ناوچەكەن، بەتایبەتی عیراق و كوردستان، بەمەش سەنگەرەكان، لەڕووی بابەتی و لەبۆتەی خەباتدا، لەیەك جیاكرانەوە، سەنگەری بەرگری ئازادیخوازان، بەرامبەر سەنگەری ئاشكراو نهێنی سەلەفی و كۆنەپەرستان.

ئەگەر.. پێشتر، بەرچاوی هەموو لایەكمان رۆشن بوایە كە تیرۆریستەكان چەند مەترسیدارن، ئێستا لەتێكشكاندنی ئەم هێزە تاریكخوازە باشتر سەردەكەوتین.

ئێستاش، سەرەڕای ئەوەی شەڕێكی سەرانسەری، لەقەزای خانەقینەوە، هەتا شەنگال، بەسەراپای هێڵەكانی بەرەنگاری پارێزگای كەركوك و دووزخورماتوو، قەرەتەپە و جەبارە، مەخمورو دەوروبەرییەوە، یەكەمینجارە لەمێژووی كوردستان و كوردایەتی-دا، پێشمەرگە، شەڕێكی بەرەیی لەڕووبەری زیاتر لەهەزار كیلۆمەتردا، سەنگەری گرتووەو پەیتا پەیتا لەشەڕدایەو توانیویشیەتی نەك هەر هەرێمی كوردستان، وەكو سێ پارێزگاكە بپارێزێت، بەڵكو پارێزگای كەركوك و خانەقین و گەلێ ناوچەی تریشی لەپارێزگای نەینەواو شوێنانی تریشی پاراستووە، لەهەمانكاتدا، جێی داخە، لەناوچەی شەنگال و هەتا رادەیەك لەناوچە ئێزدیی-نشینەكاندا، سەركەوتنی چاوەڕوان نەكراوی تیرۆریستەكان، هەستی نەتەوایەتی كوردستانیان و تەنانەت، رای گشتی جیهانیشیان، هەژاندووە.
ئەی خەڵكی دڵسۆز!

ئەم تیرۆریستانە، شەڕی ناوبەناویان، لەگەڵ گەلی كوردستان، بەپشتیوانی دوژمنانی دیموكراسی، گۆڕیوە بەجەنگی راستەقینەی فراوان، بۆیە گەلەكەمان ئێستا لەشەڕدا نییە، بەڵكو لەجەنگێكی سەرانسەریدایە بەرامبەر هێزێكی تیرۆریستی نێونەتەوەیی.. نەك ناوچەیی. بۆیە، جارێكی دیكە، دروشمە دێرینەكەی گەلەكەمان، بۆتەوە چارەنوسمان.. ئەویش (كورستان یان نەمانە)، گەلەكەشمان، بەتاقیكردنەوەی سەدەی رابردوو، دەزانێ جەنگێكی فراوانی ئاوها، لەهەندێ شەڕگەو لەهەندێك شوێندا پاشەكشەی سەربازی كاتی، لەتەواوی جەنگەكانی جیهاندا، روویداوەو رووش دەدات، بۆیە، ئێمەی گەلی كوردستانی قاڵبووی خەباتی پێشمەرگایەتی، دەبێ وریای ئەوەبین، نەسەركەوتنی گەورەو بچوك بێباكمان دەكات، نەپاشەكشەی سەربازی و تاكتیكی شەڕگە گۆڕین، ئیرادەی سەركەوتنمان لاواز دەكات.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، بەم راگەیاندنە، دەمانەوێ گەلەكەمان لەچەند خاڵێك ئاگادار بكەینەوە كەوا.

یەكەم: بەڵێ.. لەهەندێ شوێندا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوای شەڕێكی قارەمانانەو دەیان شەهیدو سەدان بریندار، پاشەكشەی كردووە.
دووەم: لەسەرانسەری سەنگەرەكاندا، پێشمەرگە، بەورەیەكی كوردانەی كوردایەتی ئازادیخوازانەوە، شەو و رۆژ، بەرگری لەكورد و كوردستان، دەكەن و درێغیان نەكردووە.

سێهەم: سەنگەرەكان، سەنگەری تێكڕا هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، هیچ جیاوازییەكی حزبی لەنێوان پێشمەرگەی كوردستاندا نییە، بڕیاری سیاسی و بەرنامەی عەسكەری پەسەندكراوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە سیاسییەكان، جێبەجێ دەكرێت.

چوارەم: سیاسەتی پاراستنی كوردستان و ئیرادەی كوردایەتی و سووربوون لەسەر كوردستان یان نەمان، ئێستا زیاتر لەڕابردوو، لەویژدان و ناخی هەموو هێزە كوردستانییەكان، لەسەراپای كوردستاندا، جۆشی مەردایەتی و كوردایەتی دەخوات، هەر بۆیە جێی خۆیەتی، سوپاسی بێ پایانی (هێزەكانی هەڵمەت) لەباكورو رۆژئاوای كوردستان بكرێت، كە گیان لەسەردەست بەهانای شەنگالییەكانەوە چوون و بە بەختكردنی گیانی خۆیان، گیانی دەیان هەزار كەسیان، لەمەرگی تینوێتی و برسێتی و رەشەكوژی رزگار كرد، ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی هێژایە، كە دڵنیابین، قارەمانانی نەتەوەكەمان، دژی ئەو تیرۆریستانەی سنوری دەیان وڵاتیان بڕیوە، بۆ ئەوەی ئازادی گەلەكەمان زەوت بكەن، هەرگیز درێغی ناكەن.  

لەكۆتایشدا دەڵێین: داوامان وایە، گەلەكەمان، لەم جەنگەدا، وریای جەنگی دەروونی بێ، چونكە، تیرۆریست و بەعسییەكان و شۆڤێنییەكانی عەرەب و ناوچەكە، جەنگێكی دەروونی فراوانیان دژی ورەو ئیرادەی كورد، وروژاندووە، كەجێی داخە، لەهەندێك كەناڵی راگەیاندنی كوردستاندا، ئەم جەنگە دەروونییە رەنگی نالەباری داوەتەوە، بێگومان میدیاكان دەبێ بزانن.. كە بەرەنگاری و جەنگێكی چارەنووسساز، بەرپرسیارێتییە.. نەك لیبرالییەتی هەواڵ!
جەماوەری خۆڕاگر!
پێشمەرگەی كوردستان!
نەتەوەكەمان، بەردەوام بارودۆخی خەتەرناكی لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا، دیووە، كیمییاباران و ئەنفالكردنی تێپەڕاندووە، گەلەكەمان دڵنیادەكەینەوە، لەم جەنگەشدا دژی دوژمنی ئازادی و دیموكراسی و مرۆڤایەتی، زوو یان درەنگ، هەر سەر دەكەوین.
ئەی گەلی ئازادیخوازمان!

گەلان راهاتوون بەرگەی قوربانیدان و رووداوی خوێناوی بگرن، هەر شەهیدێكیش لەو پێناوەدا ببەخشن، نەمرن و دەبنە ئەستێرەیەكی گەشی مێژوو، بەڵام كوان دوژمنانی دیموكراسی لەمێژوودا؟ لەچ لاپەڕەیەكی رەشدا ناویان نوسراوە؟ جگە لەشەرمەزاری و شكست و سەر شۆڕی.. چی بۆ دوژمنانی گەلان و دیموكراسی ماوەتەوە؟
ئەی خەڵكینە!

بەهەر رێگایەك دەتوانن.. بەچەك، بەیارمەتی، بەباربوو، بەباوەشی گەرمی كوردانە، بەپێكەنین و سڵاوی دڵسۆزانە.. تەنانەت بەقسەی خۆش، پشتیوانی پێشمەرگەبن، لەهەمووشی گرنگتر و كاریگەرتر، ئەوەیە كە بەرپەرچی دوژمنان بدەنەوە لەم جەنگە دەروونییەی بەرامبەر گەلەكەمان بەرپایان كردووە، لەسەركەوتنیش دڵنیاین، لەپاراستنی كوردستان و ئازادی دڵنیابن.

-بژی هێزی یەكگرتووی پێشمەرگە
-بژی ئیرادەی لەشكان نەهاتووی كوردایەتی
-نەمری بۆ شەهیدان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
   8/8/2014



PM:04:33:08/08/2014