ئەو ئەفسەرانەی تۆمەتبار بوون بە بەشداری کردنی ڕیفراندۆم دۆسییەکەیان داخرا

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٢، دۆسییەی تەواوی ئەو ئەفسەر و پۆلیسە كوردانەی كەركوك داخرا كە بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك درابونە دادگا

موقەدەم عامر نوری شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، ڕایگەیاند  "ئەمڕۆ دواین پرۆسەی دادگایكردنی ئەفسەر و پۆلیسە كوردەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوو لە كەركوك، كە ژمارەیان ٤٨ ئەفسەر  و پۆلیس بوو... پرۆسەكە بە ئامادەبونی دادوەرانی دادگای سەربازی موسڵ بەڕێوەچوو، تیایدا پاش وەرگرتنی وتە و زانیاریی و وردبینی دۆسیەی ئەو ٤٨ ئەفسەر و پۆلیسە،  دادوەرەكان بڕیاریاندا بە یەكجاریی دۆسییەكە دابخەن.


 ئەوەش لەکاتێکدادێت کە خستنەڕوی بەڵگەی پێویستی ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە سەبارەت بەوەی بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا نەكردووە و لەو رۆژەدا بێلایەن بون". 

کەناڵی سپی میدیا لە تێلیگرام جۆین بکە  

ناوبراو، جەختیشیكردەوە "هیچ ئەفسەر و پۆلیسێكی كورد سزانەدران و دەگەڕێنەوە سەر ئەركی خۆیان". 

مێژووی کردنەوەی دۆسێیەکە لەسەر ئەفسەرانی کورد لە کەرکوک بۆ ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ (مانگێک دوای ریفراندۆم) دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەکە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی کاتی راگیرابوو، تا لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١ جارێکی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەکە جوڵێنرایەوە

شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا وتى "بۆ ئەوەی کێشەی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەی بەشداری ریفراندۆمیان کردبو بەیەکجاری کۆتایی پێبێت  لیژنەیەکمان رەوانەی کەرکوک کرد و بەیەکجاری دۆسیەکانیان داخراو بێتاوان لەقەلەم دران، هەر ئەفسەرێک ماوەو کیشەی هەیە تا سێ کاتژمێری تر دەتوانن سەردانی ئەو لیژنەیە بکەن".

وتیشى "رێگە نادەین هیچ ئەفسەرێک  سزا بدریت لەسەر کێشەی سیاسی یان نەتەوەیی، بەپێچەوانەوە ئەوەی تێوەگلابێت لەبابەتی گەندەڵی و تاوانی تر هیچ پشت گیرییەکی ناکەین و رێگە دەدەین دادگا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگریتە بەر". 

ئەوەش لە کتێکدادێت، ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، لەسەدای ٩٢ ی دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا؛ بەڵام دوای ٢١ رۆژ و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە عیراقییەکان بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی جێناکۆک گەڕانەوە و هێزەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای سێ ساڵ لەو ناوچانە کشانەوە، ئەنجامی ریفراندۆم-یش لەژێر فشاری بەغدادا سڕکرا. 



PM:03:29:04/08/2022