بەختیار عەلی ڕۆمانی (بەندەر فەیلی) بڵاودەکاتەوە

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕۆمانێکی نوێی نوسەر و ڕۆشنبیری دیاری کورد بەختیار عەلی، بەناوی (بەندرە فەیلی) بڵاوبکرێتەوە،  کە ڕۆمانەکە باس لە ژیانی منداڵێکی کوردانی فەیلی دەکات. 

لەمبارەیەوە بەختیار عەلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی ڕۆمانەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە" بەندەر فەیلی  لە ساڵی (١٩٨٠)دا لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغداد لەدایک دەبێت، لە بەر چەند هۆیەکی نادیار و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت، دەبێت منداڵەکە لە زیندان بمێنێتەوە و لەوێ گەورە ببێت، چیرۆکی ئەم کتێبە بەسەرهاتی ژیانی بەندەر و وردبوونەوەیە لە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەبوونی، باسکردنی ئەو شتە بچوکانەیە کە هەنگاو بە هەنگاو و پلە بە پلە بەندەر بەسەر پەیژەی ژیانێکی سەختدا سەردەخەن، کتێبەکە لەسەرخۆ و بە ڕەوتێک کە خێراتر نییە لە ڕەوتی ژیانی بەندەر خۆی، چیرۆکی ساتە گرنگەکان و هەڵچوونە دەرونییە کتوپڕەکانی کەسێک دەگێڕێتەوە کە لە زیندانە هەمیشەییەکەی خۆیدا کەمترین دەرفەتی هەیە دونیا ببینێت و تێیبگات". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەندەر لە جیهانێکدا دەژی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، بەرەی فەرمانبەرانی زیندان لەگەڵ بەرەی زیندانییان و مەحکومەکان، بەرەی ئەوانەی کاروباری مەرگ ڕێکدەخەن لەگەڵ بەرەی ئەوانەی بەرەو مەرگ بەڕێدەکرێن.

بەختیار عەلی لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا باس لەوەش دەکات، بەندەر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی قوربانی ئەو هێزە گەورانەیە کە بە مێژووی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن، بێئەوەی ئەو هیچیان دەربارە بزانێت یاخود بیانناسێت یان تێیانبگات، ئەو منداڵێکە دەرکراوەتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێپەڕینی هەموو گەردەلول و ڕەشەبا توند و وێرانکەرەکان دەکات لەسەر جەستەی خۆی، ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان دروستیدەکات تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی ئەم کارەیە، وەک گێڕەرەوەی کتێبەکە لە سەرەتادا دەڵێت، ئیشەکە تێڕامــان و قووڵبوونــەوەیە لــە دەرونــی ســادە و ســاکاری مەخلوقێــک کــە جیهانــی بــە جۆرێــک بۆ بچوککراوەتــەوە، دواتــر هەمــوو شـتێکی بێبایـەخ، لای ئـەو بەرتەقـای دابەزین لەسـەر ڕووی ئەسـتێرەیەکی نامــۆ، گــەورە و گرنــگ دەردەکەوێت.

ڕاشیگەیاند" ڕۆمانی (بەندەر فەیلی) لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ناوەندی ڕەهەند بڵاودەکرێتەوە". 

بەختیار عەلی ڕۆماننوس و شاعیر و ڕۆشنبیری كوردە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە سەرەتای هەشتاكان قەسیدەی (نیشتمان)ی نوسیوە، لە نەوەدەكانیش چەندین وتار و بابەتی نوسیوە و لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر چەندین كۆڕ و سیمیناری بەڕێوەبردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.

بەختیار عەلی لە كۆتایی نەوەدەكان هەرێمی كوردستانی بەجێهیشتوە و چووتە ئەڵمانیا و تا ئێستاش هەر لەوێ دەژی بەشێك لە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی بۆ چەندین زمانی بیانیی وەرگێڕدراون.


AM:10:39:06/08/2022