"گردبوونەوە و ئازادی ڕاگەیاندن بەشێکی گرنگن بۆ دیموکراسیەکی تەندروست"

کونسوڵخانەی کەنەدا و فەڕەنسا لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و پەرلەمانتاران و چالاکوان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە. 

کونسوڵخانەی کەنەدا لە هەرێم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" نیگەرانین دەربارەی دەستگیرکردنی ئەندام پەرلەمانانی ئۆپۆزسیۆن و چاڵاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، ئازادی بیروڕا و گردبوونەوە و ئازادی ڕاگەیاندن بەشێکی گرنگن بۆ دیموکراسیەکی تەندروست". 

هەروەها، کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باس لەوەدەکات، ئازادییەکانی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و زانیاری مافی سەرەتایی هاوڵاتیانن و بەبێ ئەمانە ژیانی سیاسی پلورالیست و دیموکراسی بونیان نییە. 

ئێوارەی دوێنێش جەیمی هامیل جێگری کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەکرد، زۆر نیگەرانین لەدەستگیرکردنی ئەندامانی پەرلەمان‌ و رۆژنامەنوسان‌ و چالاکوانانی سیاسی، کە دوێنێ لە خۆیشاندانەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئازادی رادەربڕینی دامەزراوە میدیاییەکان بەشێکی گرنگی پڕۆسەی دیموکراسییە.

بڕیاربوو ئێوارەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی‌ ساز بکرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ ڕێگری هێزە ئەمنییەکان‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌‌ و هه‌ولێر و ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ په‌رله‌مانتاران‌ و چالاكوانان‌ و ڕۆژنامه‌نوسان، خۆپیشاندانه‌كه‌ وه‌ك پێویست بەڕێوەنەچوو. 


PM:02:42:08/08/2022