زانیاری نوێ سەبارەت بە رەوانەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ پەرلەمان


راوێژكارێكی مستەفا كازمی رایدەگەیەنێت "لەبەرئەوەی حكومەتی ئێستای عێراق كاربەڕێكەرە ناتوانێت پرۆژە یاسای بودجەی گشتی رەوانەی پەرلەمان بكات".

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە "لەئێستادا ناتوانرێت پرۆژە یاسای بودجەی گشتی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، چونكە لە ماوەی رابردودا ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە حكومەت كرد پرۆژە یاسای پاڵپشتی لەناكاو بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشە پێشكەش بكات، ئەوە بوو حكومەت داواكەی جێبەجێكرد و پرۆژەكەی رەوانەكرد، بەڵام لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە تانەی لێدرا و لەكاری خست، بە بیانوی ئەوەی كە حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ئاراستەكردنی ئەم جۆرە پرۆژانەی نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە،"لەگەڵ ئەوەشدا بە پشتبەستن بە ماددەی 60 بڕگەی دووەم لە دەستور، كە رێگە بە 10 یان زیاتری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەدات، كە پرۆژە یاساكان پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بە مەرجێك تێچوی دارایی نەبێت، بۆ ئەوەی لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە لەدواتردا رەتنەكرێتەوە، بەڵام وەك بینیمان ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای پاڵپشتی لەناكاو بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەیان خستە بەردەم ئەنجومەنەكە و بە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەرچوێندرا".


مەزهەر ساڵح وتویەتی "ئەگەر هەیە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێشخەری بكات و پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بكاتە بەرنامەی كارییەوە، ئەمەش بەپشتبەستن بە بڕگەی دوەمی ماددەی 60ی دەستور لەسەر داوای 10 پەرلەمانتار ئەمەش لەكاتێكدا كە پێكهێنانی حكومەتی نوێ زیاتر دوابكەوێت و حكومەتی كاربەڕێكەر بمێنێتەوە بۆ كاتێكی نادیار، یان لەرێگەی هەمواركردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019، كە رێگە بە حكومەتی كاربەڕێكەر دەدات بە رێژەی یەك لەسەر 12ی كۆی خەرجییەكان خەرج بكات، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك".



PM:08:15:13/08/2022