فراكسیۆنی یەكێتی: هەڵبژاردنی پێشوەختە كێشەكان چارەسەر ناكات


فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق كێشەكان چارەسەر ناكات، بۆیە ئەو پارەیەی لە هەڵبژاردن خەرج دەكرێت، باشترە بۆ خەڵك خەرج بكرێت.

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی (عەهد)ی راگەیاندووە "هەڵبژاردنی پێشوەختە كێشەكان چارەسەر ناكات و لە هەمان بازنەدا دەمانهێڵێتەوە، یەكێتی رێز لە ئەنجومەنی دادوەری و ئەو ماوە دەستوورییانە دەگرێت كە بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكراوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو بڕە پاریەی لە دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردندا خەرج دەكرێت، بۆ خەڵك خەرج بكرێت باشترە، چونكە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن هەمان حزبە سیاسییەكان دەبن بە جیاوازییەكی كەم لە كورسی پەرلەماندا".

لێدوانەكەی سۆزان مەنسور لەكاتێكدایە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای هەڵوەشانەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا ئەنجامدرا.






PM:08:44:13/08/2022