پارتی: بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە خاڵێكی مەترسیدار

کەمێک پێش ئێستا ئەنجوومەنی سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان بە بۆنەى (٧٦) ساڵەى دامەزراندنى حزبەکەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئێستا بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە خاڵێكی مەترسیدار و یەكدەستی و یەكهەڵوێستی و لێبڕانی دەوێت". 

لە بڵاوکراوەکەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتى ئاماژەی بەوەکردووە" ئێمە دڵنیاین ئەگەر قوربانیدان و خۆڕاگری خەڵكی قارەمانی كوردستان نەبوایە، ئەم دەستكەوتانە بە دەست نەدەهاتن و حكومڕانی كوردستان كاروانەكەی هەتا ئێستا نەدەگەیشت بە هەموو كەموكوڕییەكانییەوە، لە ئێستادا بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە خاڵێكی مەترسیدار و یەكدەستی و یەكهەڵوێستی و لێبڕانی دەوێت". 

هەر لەپەیامەکەیدا ئەوەش هاتووە" پارتی نەك بۆ باشور، بۆ كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان گرنگە و كاریگەری گەورەی هەیە، چونكە مێژوویەكی درێژی لە ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز هەیە و مێژوویەكی پڕ شانازیشی لە هێزی یەكەم و بێ ركابەر و خزمەتكاری هەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان".

لای خۆشیەوە مەکتەبى سیاسی ئەو حزبە بەو بۆنەیەوە پەیامێکى بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت" ناوچه‌كه‌ و عێراق و كوردستان به‌ قۆناغێكی ھه‌ستیار و پڕ ئه‌ركدا تێده‌په‌ڕێت، گرفته‌ سیاسی و ئابورییه‌كان تا دێت ھه‌ڵده‌كشێن، بۆیه‌ ده‌بێت ھه‌موومان بۆ چاره‌سه‌ر ھه‌نگاو بنێین، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان ببینین و له‌ په‌نجه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌وه‌ سه‌یری ئه‌ركه‌ ھه‌نوكه‌یی و ھه‌میشه‌ییه‌كان بكه‌ین". 

جەختیشیکردەوە، پارتی وه‌ك ھه‌میشه‌، ڕووی له‌ ئاشتی، چاره‌سه‌ر، یه‌كریزی نێوخۆییدایه‌، له‌گه‌ڵ به‌غداش ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراق و رێككه‌وتن و سازان به‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ر  ده‌زانێت و له‌و پێناوه‌شدا ماندو نابێت. 


PM:09:50:15/08/2022