هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش ئەنجام دەدەن

بریانی ئەمڕۆ پێنج شيممە، هەریەك لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی گەرمیان، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژبە چەکدارانی داعش دەستپێکرد.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە سنووری گەرمیان دەستیپێکردووە، بەتایبەتیش لە سنووری خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە،هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری پاریزگای دیالە، ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکردووە و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە سنوورەکانی پارێزگای سەڵاحەدین کێوماڵ دەکەن.

سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە چەند جارێك بۆ راوەدوونان و نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە.

ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەش بەتایبەتی بۆ ناوچە شاخاویەکانی نێوان کفری و خورماتووە، بۆ ئەو ناوچانەی چەند ساڵێکە بوونەتە پێگەی سەرەکی گرووپە چەکدارەکانی داعش.

ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرە بەیانی زووەوە بەردەوامی هەیە و تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێك بەر پێشمەرگە نەکەوتووە، لە بەرانبەردا چەند تونێل و شوێنێ مانەوە و خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش دەستنیشانکراون و دۆزراونەتەوە.

 



AM:10:23:18/08/2022