گەنجێک لەسلێمانی کچێک دەڕفێنێت و لە هەولێر دەستگیر دەکرێت

 

ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، پۆلیسی هەولێر گەنجێکی دەستگیرکرد، کە لە سلێمانییەوە کچێکی رفاندبوو ‌هێنابوییە هەولێر.

 

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کوڕێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە سلێمانی هەڵساوە بە رفاندنی کچێکی تەمەن ٢٠ساڵە و هێناویەتیە هەولێر، وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی کە کوڕەکە بەپێی ماددەی ٤٢١ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، توانیمان ئەو کەسە دەستگیر بکەین و کچەکەش رادەستی کەسوکاری کرایەوە".

دەشڵێت "تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بکرێت".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد،  هەماهەنگی تۆکمە لەنێوان پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

وتیشی "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە ١٣٠ تۆمەتباری دەستگیرکردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای و ئیدارە سەربەخۆکانی کردونەتەوە، کە لەو شوێنانە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە."



PM:01:52:21/08/2022