وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە وەزارەتی کشتوکاڵی بۆ سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان کۆتایی ھاتووە، کە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس فۆرمی پڕکردۆتەوە و ئەمڕۆش فۆرمەکان جیادەکرێنەوە و بۆ وەزارەت ڕەوانە دەکرێن".
حوسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" وەزارەتی کشتوکاڵ داوای کردووە ئەو فۆرمانەی پڕکراونەتەوە جیابکرێنەوە بەپێی پسپۆری و کۆمەڵێک پێوەریشی بۆ دانراوە و ئینجا بگەرێننەوە بۆ وەزارەت و ئەمڕۆش دوایین وادەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆرمەکان و لەوەزارەتیش لیژنەیەکی باڵا ھەیە و ئەو لیژنەیە کەسەکان دیاری دەکات کە فۆرمەکانیان پڕکردۆتەوە، بەپێی پسپۆریەکەیان کە پێویستە دەرچووی بەشە کشتوکاڵیەکان بن".
وتیشی" ئەو کەسانەی دیاری دەکرێن بۆ دامەزراندنیان وەکو سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان خولیان بۆ دەکرێتەوە و ئینجا دەبنە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان، کەخۆی ئێمە پێنج ھەزار کەسمان دیاریکردووە دامەزرێن و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس فۆرمیان پڕکردۆتەوە، بۆیە داوا لە ھەموو پارێزگاکان کراوە سەرژمێریەک بکەن بزانن چەند پڕۆژە ھەن و پێویستیان بە سەرپەرشتیار ھەیە، چونکە لەکەرتی کشتوکاڵ پڕۆژەمان زۆرن لە بواری پەلەوەر و خانووی پلاستیکی و پڕۆژەکانی دیکە ".
حەمە کەریم ڕوونیشیکردەووە، خۆی ١ی٨ دوایین وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن بوو، ئەمڕۆش فۆرمەکان جیادەکرێنەوە و بۆ وەزارەت ڕەوانە دەکرێن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.