راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەڵێت "
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ توانیویەتی بە داھاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابین
بکات دەشڵێ، بەھای نەوت بە بەرزی دەمێنێتەوە و ئەگەر چاکسازی باشتر بکرێت کێشەی نەبوونی
داھات نامێنێت.
د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی
کوردستان، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند "داھاتی سەرەکی ھەرێمی کوردستان لە کەرتی
نەوت و داھاتی ناوخۆیە، پێشتر سێ سەرچاوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون ئەوانیش
ئیدارەی نەوت و داھاتی ناوخۆ ئەو پارەیەی لە بەغدا دەھات، بەڵام دیارە ئەوەی بەغدا
ئێستا ناینێرن یانیش دوا دەکەوێت، تەنیا ھەرێم پشتی بە سەرچاوەی نەوت و داھاتی
ناوخۆ بەستووە، پرۆسەی چاکسازی ھەندێ پرسی چارەسەرکردووە و پێویستە چاکسازی ھەموو
کەرتەکان بگرێتەوە بۆ زیادکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان".
دەشڵێت "باشترین رێگە بۆ خۆژیاندنی ھەرێمی
کوردستان ئەوەیە، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر جار ئاماژەی بۆ کردووە زیادکردنی
داھات و کەمکردنەوەی خەرجیەکانە، ئەمەش باشترین رێگەیە ھەرێمی کوردستان بتوانێت خۆی
لەسەر پێی خۆی بگرێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێموایە ھەرێم دەتوانێت بە
داھاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابین بکات".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "رەوشی ئێستای جیھان و گۆڕانکاریەکان ئاماژەن
بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەو شێوەیە بمێنێتەوە و بەرزتریش ببێت، ئەوەی بارگرانی دروست
کردووە لەسەر ھاووڵاتیان و ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بابەتی ئاسایشی خۆراکە، کە قەیرانێکی
جیھانیە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم کار بکات بۆ ئەوەی ئەو بارگرانیە نەمێنێ لەسەر
ھاووڵاتیان ".