ئاسایشی سلێمانی: ١٧ تیرۆریستی داعش دەستگیركران


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی ١٧ "تیرۆریستی" شانەی نەنووستووی داعشی راگەیاند و ساتی دەستگیركردن و دانپێدانانی "تیرۆریستەكانیشی" بڵاوكردەوە. 

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایش "تیرۆریستەكان لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە سلێمانی و چەمچەماڵ و تەكیە و باریكە دەستگیركراون كە گروپی یەكەمیان پیلانیان بۆ تیرۆركردنی چەند ئەفسەرێكی باڵای پێشمەرگە و چەند مامۆستایەكی ئاینی دانابوو". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە "وەك ھەمیشە لە سەنگەری ھاووڵاتیاندا دەبن و سەر و ماڵیان دەپارێزن و رووبەڕووی ئەو كەسانە دەبنەوە ئاسایشی ھەرێم تێكدەدەن".

رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە شەقامی ئەسحابەسپی لە شاری سلێمانی گەنجێك بەناوی ئەحمەد شەوكەت لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە تەقەی لێكرا و كوژرا، سەرەتا وا بڵاوبووەوە كە ئەو گەنجە داواكراوە، بەڵام دواتر ئاسایش روونكردنەوەی بڵاوكردەوە كە بێ مەبەست و بە هەڵە كوژراوە.


دەقی راگەیەنراوەکە..

١٧ تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش لەلایەن  ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە دەستگیکران کەدوانیان ژنن .

تیرۆریستەکان لە سەربنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ، لەچەند ھەڵمەتێکی جیادا لە سلێمانی ، چەمچەماڵ ، تەکیە ، باریکە  دەستگیرکراون .

مەفرەزەی یەکەمی تیرۆریستە دەستگیراوەکان ، 
کە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لەھێزی پێشمەرگەو چەند مامۆستایەکی دیاری ئاینی تیرۆر بکەن .
گروپەکە پێکھاتوون لە ( ٧ ) حەوت تیرۆریست کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کاروچالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن و دوای خۆڕێکخستنیان ، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز  و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمە ساڵح و  بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حزبی .

کەدوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو ، و زانیاری لەسەریان ،  کەپیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئاینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە . پاش رەزامەندی  بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەکان دەستیپێکرد 

رۆژی ١٤ ی ئابی ٢٠٢٢  لەناوبازاڕی سلێمانی لەئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار   ( ئاکام بەھادین ) ناسراو بە ئاکام کوردی  لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی تر کە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و  ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارەو چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن .
ئەم تیرۆریستانە دەخرێتەژێرچاودێری و لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەک و پارەکە و جێبەجێکردنی چالاکییەکەیان ھێزەکانمان جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەستگیرکردنیان لەو کاتەدا لەئەسحابەسپی  ، تیرۆریستان رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوەو تەقەکردن روودەدات و  ئاکام بەھادین و تۆمەتبارێکی تر دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن کە  بەداخەوە بەھۆی ئەم رووداوەوە  ھاووڵاتی ئەحمەد شەوکەت کە لەخێزانێکی دڵسۆزو خەباتگێڕن شەھید بوو .
پاشان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوەو تیرۆریستانی تر لەھەمان مەفرەزە  لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵەمەتێکدا دەستگیرکران .

- تیرۆریست ( محەمەد ئیبراھیم ) ناسراو بە ئەبو جولەیبیب  شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( رێبین سادق ) شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا 
- تیرۆریست ( فریشتە حاتەم ) رەگەزی ژن شەوی ١٨ / ١٩ ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا .
- تیرۆریست ( شیفا محەمەد ) ناسراو بەجیھاد کوردی  رەگەز ژن شەوی ١٨ / ١٩ ی ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا .
- تیرۆریست ( شادمان مەحمود  ) شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا 
- تیرۆریست ( رێبەر ئەحمەد ) ناسراو بە ئەبو دوگمە شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا .


مەفرەزەی دووھەم گروپی چەمچەماڵ و تەکیە . ناوی تیرۆریستان و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌ و كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌كانیان:


ھاوکات ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربەدەزگای ئاسایشی ھەرێم  ، لەھەمان کاتدا جوڵەو مەرامەکانی مەفرەزەو تاقمێکی تری تیرۆریستی لە تەکیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێرچاودێری ورد کە پەیوەندیان لەگەڵ گروپەکەی سلێمانی دا ھەبوو و وەک شانەی نەنستووی داعش لەچالاکیدان  . دوای بەدەستخستنی زانیاری دروست و ئاشکرابوونی پیلانەکانیان خرانە ژێرچاودێری شەوی ١٧ / ١٨ لەچەمچەماڵ لەکاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆھیجرەتکردنیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج  ( ٥ ) لەئەندامەکانیان بەھاوکاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکران کەدانیشتووی تەکیەن  دانیان بەتاوانەکانیاندا نا ، کە  ٣ ( سێ ) جار ھەستاون بە تێکدان و شکاندنی کێلی مەرقەد و پیاوچاکانی شێخانی کانی چنار لەگوندی کانی چنار و دارئەسحابە ، و  پەیکەری عەبدولرەحمان پاشای بابان - شیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووەو لەچەندین شوێن و جێگای جیاوازیش  دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووەو ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵکردوەو دووجاریش ئاڵای کوردستانیان لەدەربەندی بازیان کە بەرووکاری تەکییە شێواندوەو لەھەوڵی بەدەستخستنی چەکیشدا بوون تا چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن .

کەسەرجەمیان شەوی ١٧ / ١٨ ئابی ٢٠٢٢ دەستگیرکران 
- تیرۆریست ( زێوەر زاھیر ) 
- تیرۆریست ( بێستون حەکیم ) ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز 
- تیرۆریست ( ئەیوب کەمال ) 
- تیرۆریست ( بڕوا عەدنان ) ناسراوە بە مەروان کوردی 
- تیرۆریست ( بەڵێن سەباح ) ناسراوە عوبەیدە کوردی 
ھەرپەیوەست بەھەمان گروپەوە لەئۆپراسیۆنێکدا لە تەکیە شەوی ٢٠ /٢١ ئابی ٢٠٢٢ تیرۆریست ( محەمەد جومعە ) دەستگیرکرا .

تێبینی  / دانپێدانانی ژمارەیەک تیرۆریست .

١ - محەمەد ئیبراھیم ناسراو بە ئەبو جولەیبیب 
٢ -ئاکام بەھادین ناسراو بە ئاکام کوردی 
٣-بەڵێن سەباح ناسراو بە عوبەیدەی کوردی 
٤-فریشتە حاتەم
٥ -بڕوا عەدنان ناسراو بە مەروان کوردی 

لەبارەی شکستپێھێنانی مەرامی تیرۆریستان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و  شەوی ٢٢ / ٢٣ ئابی ٢٠٢٢ لە چەمچەماڵ و تەکیە  ، ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە کەپەیوەندیی راستەوخۆیان ھەبووە بەم گروپەوە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیراکران و لەبەر ھەستیاری دۆسێ کە ، ناو زانیارییەکانیان بە شاراوەیی ھێڵرایە تا تەواوبوون لێکۆڵینەوەکان زانیاری زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرادەکەین .

......

بەناوی بەڕێوەبەرو سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی جارێکی تر پرسەو سەرەخۆشی و  ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی تێکۆشەری شەھید کاکە ( ئەحمەد شەوکەت ) دەکەین ، خۆمان بەبەشداری ماتەمیان دەزانین کە لەکاتی شکستپێھێنانی پیلانێکی گەورەی  تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و تیرۆرکردنی چەند مامۆستایەکی پایەبەرزی ئاینی و ژمارەیەک ئەفسەرو پێشمەرگە، شەھید بوو ، کە بەخوێنی ئاڵی کاکە ئەحمەد مەرامێکی تری تیرۆریستان لەگۆڕنرا .
 ئێمە بەڵێنمان  بە بنەماڵەی سەربەزی شەھید کاک ئەحمەد و روحی پاکی دا  ، کەخوێنی بەفیڕۆنەڕوات و لەچەند رۆژی رابردوو بێ پشوو شەوڕۆژ لەکاردابووین تا تەواوی ئەندامانی ھەردوو گروپەتیرۆریستییەکەمان دەستگیرکرد تا رۆحی کاک ئەحمەد شادبێت .
 

وەک ھەمیشە بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە ھێزەکانی ئاسایش لەسەنگەری خەڵک ، سەروەری یاسا ، ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و ئارامی ھەرێمی کوردستان دەبێت ، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ژیان لەخەڵک تێکبدات .سوپاس و پێزانینی بێپایانمان دەردەبڕین بۆ ھاووڵاتیان کە ھەمیشە ھاوکار و پشتیوانی سەرخستنی ئەرکەکانمانن 
پشتیوان بەخوای گەورەو بەھاوکاری ھەمووان و ھێزه ئەمنییەکان  ، بەردەوامین  لە پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لەیاسا .

لەگەڵ رێزدا 
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی






PM:07:55:23/08/2022