داهاتی نەوتی عێراق كەمیكردووە


وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، كۆی گشتی هەناردەی نەوت و داهاتە دەستكەوتووەكانی مانگی تەمموز بەپێی سەرژمێرییەكانی كۆتای كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ ١٠ ملیار دۆلار بووە، بەو پێیەش بێت داهاتی مانگی حەوت بەراورد بە مانگی شەش، كەمیكردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ئاستی بەرهەمی نەوتی خاو زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ هەزار بەرمیل نەوت بووە و ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر لە ١٠ ملیار و ٣٦٨ ملیۆن و ٣٥٢ هەزار دۆلار بووە".

لەبارەی ئاستی هەناردەی نەوتیشەوە باسی لەوەكردووە "بڕی هەناردەكراو لەمانگی تەمووزی رابردوودا لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق زیاتر لە ٩٩ ملیۆن و ٩٦٥ هەزار و ٩٤ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك لە رێگەی بەندەری جیهانەوە دوو ملیۆن و ٣٤٤ هەزار و ٥٣٦ بەرمیل بووە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بە ١٠١ دۆلار و ٢٦ سەنت خەمڵێندراوە و ئەو بڕە هەناردەكراوە رادەستی ٣٥ كۆمپانیای جیهانی كراوە و لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرە و خور عەمییە و بەندەری جیهانی توركییەوە.



PM:01:58:25/08/2022