ئاسایشی سلێمانی سكاڵا لەسەر پەرلەمانتار و راگەیەندكارێك تۆمار دەكات


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەرامبەر بڵاوكردنەوەی "تۆمەت" بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەیامنێرێكی ئێن ئارتی تۆمار دەكەن.

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئاسایش وەك دەزگایەكی نیشتیمانی بەرپرسیار پابەند بەیاسا بەركارەكانی ھەرێم و پرنسیپەكانی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ . ئەركی دابینكردنی ئاسایش و ئارامی خەڵكی كوردستان، شاری سلێمانی بەتایبەتی بەئەمانەتەوە بەجێدەگەیەنێت و تواناو ھێزی ھەواڵگری و سەربازیمان خستۆتە خزمەتی خەڵكەوە".

هەروەها دەڵێن "ئەوەی جێی داخە كەسانێك لەژێر چەتری هەندێك كۆمپانیاو لایەنی سیاسی یان پیشەی پیرۆزی ڕاگەیاندنكاریدا لێرەو لەوێ پشتیوانی تیرۆریستان و دوژمنانی ئەم گەلە دەكەن، بە تۆمەتی ناڕەوا هەوڵی لەكەداركردنی هێزەكانمان دەدەن و بوختان و ھەواڵی ناڕاست دادەتاشن".

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ ھەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە لەبەرامبەر چەندین جار دووبارەبوونەوەی ئەم تۆمەت بەخشینەوانە و دانانی سنورێك بۆ ئەو جۆرە كەسانە ، وەك ئاسایشی سلێمانی ڕێكار و سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین دژ بە هەریەك لە (محەمەد ئیسماعیل عومەر) كە لەژێر ناوی كاری پەرلەمانیدا هەستاوە بە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕەوا بۆ هێزەكانی ئاسایش (كاروان محەمەد، پەیامنێری كەناڵی NRT كە لە سۆشیال میدیادا بە ئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆ تیرۆریستان راگەیاندووە !".
 



PM:02:10:25/08/2022