بایدن: هێرشمان بۆ ژمارەیەك پێگەی نزیك لە ئێران ئەنجامدا


جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی ئەو، هێزەكانیان ژمارەیەك هێرشیان بۆ پێگەیەك لە باكوری سوریا ئەنجامداوە كە لەلایەن گروپەكانی نزیك ئێران بەكاردەهات.

دوێنێ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا نامەیەكی ئاراستەی نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی كرد و رایگەیاندوە "بە فەرمانی من، رۆژی 23ی ئابی ساڵی 2022، هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەك هێرشی وردیان بۆ سەر پێگەیەك لە باكووری سووریا ئەنجامدا، ئەو پێگەیە لەلایەن گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەكاردەهات".

بایدن ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو گروپانە لە ژمارەیەك هێرش بەشداربوون كە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، مووشەك، گوللـە هاوەنەوە بۆ سەر پێرسۆنێل (سەرباز، راوێژكاری سەربازی، بەڵێندەر) و پێگەكانی ویلایەتەیەكگرتووەكان لە سوریا ئەنجامدراوە، لەوانەش دوو هێرش كە رۆژی 15ی ئابی 2022 لە لایەن گروپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە بۆسەر دوو بنكەی ئەمریكا لە تەنەف لە سووریا ئەنجامدرا". 

جۆبایدن وتویەتی "ئەو دوو هێرشەی رۆژی 15ی ئاب دوای زنجیرەیەك هێرشی دیكە هاتن كە لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا لەلایەن گروپە میلیشیاییەكانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنكە و هێزەكانمان ئەنجامدران. ئەو هێرشانە ژیانی پێرسۆنێلانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانانیان خستە مەترسییەوە". 
 



PM:12:00:26/08/2022