پێنج حزبی کلدو ئاشور: هێزە سیاسییە خۆسەپێنەرەکان کە ئیرادەی پێکهاتەکان دەدزن

پێنج هێزی سیاسی سەرەکی سەر بە پێکهاتەی کلدۆ سریان و ئاشوری لە راگەیاندراوێکیاندا چەندین داواکارییان بۆ کورسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا خستۆتەڕوو یەکێک لە داواکارییەکانیان داوای تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان دەکەن.

هاوکات رەخنە لەوە دەگرن کە لە کۆبوونەوەکانی نێوان هێزە کوردییەکان لەگەڵ جنین بلاسخارتی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەوان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بانگهێشت نەکراون و پەراوێزخراون لەکاتێکدا وەک خۆیان دەڵێن کێشەی سەرەکی لە رێکنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان پرسی کورسی کۆتاکانە.

لە کۆتایدا جەخت لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەراکەتی راستەقینە، کە بە ئاستێکی بەرز گوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات و دوور بێت لە وسایە و دەستێوەردانی هێزە سیاسییە خۆسەپێنەرەکان کە ئیرادەی پێکهاتەکەمان دەدزن و چەند نوێنەرێکی بەسەردا دەسەپێنن کە گوزارشت لە پێکهاتە ناکات.

 

گرنگ ترین داواکارییەکانیشیان بریتین لە مانەی خوارەوە:

 

١- دەنگدان تەنها لە رۆڵەکانی پێکهاتەی کلدۆ سریانی ئاشوریدا گەمارۆ بدرێت.

٢- دانانی تۆمارێکی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتەکە.

٣- هەڵبژاردنی کۆتا بخرێتە پێش رۆژی دەنگدانی گشتی.

٤- کارتی دەنگدان و بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدانی کۆتا ئامادەبکرێت.

٥- زیادکردنی ژمارەی کورسی کۆتاکان بەپێی زیادبوونی سروشتی دانیشتوان لە تاراوگە و لەسەر ئاستی نیشتمان.



PM:02:27:27/08/2022