وێنە.. لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان جلوبەرگی سەربازی تورکیا دەدۆزرێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان، جلوبەرگی سەربازی تورکیایان دۆزیەوە. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کەرتی دووەمی (کەمپی هۆل)، جلوبەرگی سەر بە سوپای تورکیایان دۆزیەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی (مرۆیی و ئەمنی)، کە چووەتە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، هێزەكانی سوریای دیموكرات دەورییەكانی خۆیان لەسەر سنوورەكانی سوریا و عێراق چڕكردەوە، بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵی شانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەكە، هەروەها ژماره‌ی ئه‌ندامانی شانه‌ی داعش كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا له‌ كه‌مپی هۆل ده‌ستگیركراون، نزیكه‌ی (٣٣) كه‌س بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند تونێل و خه‌نده‌ڵێك كه‌ توخمه‌كانی داعش له‌ پاش ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تیرۆرییه‌كان له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا خۆیان تێدا شاردۆته‌وه‌. 

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ٥٦ هەزار و ١٥٤ کەسی تێدایە، کە ٢٩ هەزار و ١٤٢ پەنابەری عێراقی و ١٨ هەزار و ٩٠٣ ئاوارەی سووریا و هەشت هەزار و ١٠٩ ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن. 


PM:06:59:28/08/2022