ئاسایشی سلێمانی: چوار تیرۆریستی داعش دەستگیركران


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "تاقمێكی نەنوستوی تیرۆریستانی داعش لە بازیان ئاشكراكران و ئەندامەكانیان دەستگیركران".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لەچەند رۆژی ڕابردوودا لەقەزای بازیان لە ھەندێ شوێنی گشتی دروشمی داعش دەنووسرێت و پاش ئەم رووداوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ژوری ئۆپەراسیۆن پێكھێنرا بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد لەماوەی كەمتر لە (٤٨ )سەعات زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەدەستكەوت و شوێن و ناسنامەی تیرۆریستان ئاشكراكران و خرانە ژێر چاودێری وردەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "پاش رەزامەندی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە لەچوار ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتی جیاجیادا ھەر چوار تیرۆریستی تاقمەكە  ( ر ، ج )  ،  ( ر ، ج ، ح ) ، ( ئ ، س )  ، ( م ، ج ) لەرۆژی ٢٧ ی ئابی ٢٠٢٢ كە بەرەگەز  كوردن لە بازیان دەستگیركران".

هەر بەپَێی راگەیەنراوەكە "پاش لێكۆڵینەوە بەپێی دانپێدانانیان  تیرۆریستان مەرامیان بووە چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن لەسنورەكە دژی دامەزراوەكانی حكومەت  ئارامی لەخەڵك تێكبدەن لەبارەی ئەم دۆسێیەوە  لێكۆڵینەوە بەردەوامە و لەبەر ھەستیاری كەیسەكە ھەندێ زانیاری بەنھێنی ھێڵراونەتەوە".



PM:08:57:29/08/2022