ناوەندی پاراستنی گەل، پارتی بە هاوكاریكردنی توركیا تۆمەتبار دەكات



ناوەندی پاراستنی گەل، پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی لەناوچەكانی گردی هەكاری و گردی ئامێدی هاوكاری سوپای توركیا دەكات دژی هێزەكانی ئەوان.

ناوەندی پاراستنی گەل لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "یەكێك لەو ناوچانەی كە لە ٢٥ی ئایارەوە شەڕ تیادا چڕبووەتەوە، هێڵی نێوان گردی هەكاری و گردی ئامێدییە، ئێمە بڕیارمان داوە لێرەدا دەوڵەتی توركیا بشكێنین. دەوڵەتی تورك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ناوچانە داگیر بكات و پێویستە بكشێتەوە ؛ ئەگەر نەكشێتەوە، لەناو دەچێت". 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لە كاتێكدا شەڕی نێوان ئێمە و ڕژێمی ئاكەپە-مەهەپەی قڕكەر لەسەر هێڵی نێوان گردی هەكاری و گردی ئامێدی و سێگرێ گەیشتووەتە خاڵێكی زۆر گرنگ، لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئاب لە نێوان ئەم دوو هێڵەدا، لە پاركێكەوە بەرەو ناوچەكانی بەرخۆدان، هێزێكی ئەمنی  پەدەكە دەستی كردووە بە دروستكردنی ڕێگا".

ناوەندی پاراستنی گەل دەڵێت "ئێمە زۆر باش دەزانین كە بە دروستكردنی ڕێگایەك لەو شوێنە و  بە هێنانی تانك و زرێپۆش لەو ڕێگایەوە، دەوڵەتی تورك لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لەو بنبەستەی كە  لە (وەرخەڵێ) و  (ئەشكەوتی برینداران) تێكەوتووە خۆی رزگار بكات. دروستكردنی ئەم ڕێگایە بۆ دەوڵەتی تورك و ڕژێمی ئاكەپە – مەهەپە بە مانای پشتیوانی و دەستێوەردانێكی ئاشكرا لە شەڕدا دێت".



دەقی راگەیەنراوەكە.. 

وەك دەزانرێت دەوڵەتی تورك لە ١٤ی نیسانی 2022 هێرشێكی لەشكركێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و م٤تینا لە باشووری كوردستان دەستپێكرد. لە ١٤ی نیسانەوە هێزەكانمان لە دژی لەشكركێشی دەوڵەتی تورك شەڕ دەكەن و بەرخودانێكی مێژوویی و  گەورە دەنوێنن.

دەوڵەتی تورك ناتوانێت بە ئامانجەكەی بگات، لەسەر لێواری داڕمانە.
ئەوە زانراوە كە دەوڵەتی چەوسێنەری تورك پلانی دانابوو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ئەو ناوچانە داگیر بكات و بەم ئامانجە هێرشی كرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی تورك پشتیوانییەكی زۆری وەرگرتووە و هەموو چەكێك لە دژی بزووتنەوەكەمان بەكاردەهێنێت كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان قەدەغەیە، بەڵام ماوەی چوار مانگ و نیوە نەیتوانیوە ئەو داگیركارییە بە ئەنجام بگەیەنێت. دەوڵەتی تورك لەم هێرشەدا بە بنبەست گەیشتووە و خەریكە شكست دەهێنێت. شەڕی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی تورك بێوچان بەردەوامە. شەڕ لەگەڵ بارودۆخی ئێستا لە ئاستێكی زۆر گرنگ و هەستیاردایە.

یەكێك لەو ناوچانەی كە لە ٢٥ی ئایارەوە شەڕ تیادا چڕبووەتەوە، هێڵی نێوان گردی هەكاری و گردی ئامێدییە. ئێمە بڕیارمانداوە لێرەدا بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی توركیا بشكێنین. دەوڵەتی تورك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ناوچانە داگیر بكات و پێویستە بكشێتەوە ؛ ئەگەر نەكشێتەوە، لەناو دەچێت. 

گەلەكەمان و جەماوەر زۆر باش دەزانن كە ئێمە ئەم شەڕە بە شەڕێكی تاكتیكی نازانین. وەك شەڕێكی گرنگ و ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەموو خەڵكی كوردستان بە تایبەت گەلی باشوری كوردستان و ئایندەی دیموكراتیكی خەڵكی ناوچەكە دەیبینین. ئەم شەڕە بەرخۆدانێكی دیموكراسی و نەتەوەیی زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئایندەی ئازادی گەلی كوردستان. هەروەكو چۆن تا ئێستا هەموو قوربانیدان و فیداكارییەكمان كردووە، لەمەوبەدواش  ئێمە بەبڕیارین ئەوەی پێویست بێت بیكەین. گرنگ نییە باجەكەی چی دەبێت.

لە كاتێكدا شەڕی نێوان ئێمە و ڕژێمی ئاكەپە-مەهەپەی قڕكەر لەسەر هێڵی نێوان گردی هەكاری و گردی ئامێدی و سێگرێ گەیشتووەتە خاڵێكی زۆر گرینگ، لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئاب لە نێوان ئەم دوو هێڵەدا، لە پاركێكەوە بەرەو ناوچەكانی بەرخۆدان، هێزێكی ئەمنی  پەدەكە دەستی كردووە بە دروستكردنی ڕێگا. ئێمە زۆر باش دەزانین كە بە دروستكردنی ڕێگایەك لەو شوێنە و  بە هێنانی تانك و زرێپۆش لەو ڕێگایەوە، دەوڵەتی تورك لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لەو بنبەستەی كە  لە "وەرخەڵێ”  و  "ئەشكەوتی برینداران” تێكەوتووە خۆی رزگار بكات. دروستكردنی ئەم ڕێگایە بۆ دەوڵەتی تورك و ڕژێمی ئاكەپە – مەهەپە بە مانای پشتیوانی و دەستێوەردانێكی ئاشكرا لە شەڕدا دێت.


ڕوونە كە دروستكردنی ئەم ڕێگایە لە لایەن پەدەكەوە بۆ ناوەندی بەرەی جەنگ بە مانای بەشداریی دەستبەجێی شەڕ دەبێت. لەم كاتەدا ڕوودانی شەڕێك لە نێوان كورددا گەورەترین زیان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی كورد دەگەیەنێت و بە واتای دژایەتی تەواوی گەلی كوردستان دێت. بۆیە لەم كاتەدا نابێت پەدەكە كارێكی وا بكات. 

لێرەدا بانگەوازی ئێمە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەدەكە ئەوەیە كە "ئەم ڕێگایە دروست مەكەن كە خزمەت بە دوژمنانی گەلی كورد دەكات”! هەروەها داوا لە هەموو هێزەكانی كوردستان دەكەین كە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیان بەجێ بێنن بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە دروست كردنی ئەم ڕێگایە كە جگە لە خزمەتكردنی ڕژێمی ئاكەپە – مەهەپە هیچ مانایەكی دیكەی نییە.

هەر بۆیە  داوا لە ڕای گشتیی دیموكراتیك، خەڵكی كوردستان، رۆشنبیران، هێز و لایەنە سیاسییەكان و هەموو كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە لە پێناو پاشگەزكردنی پەدەكە لەو جۆرە گێرەشێوینییەی  كە دەتوانێت شەڕی نێوان كوردی لێبكەوێتەوە هەوڵەكانی خۆیان چڕ بكەنەوە و هەڵوێستێكی یەكگرتوو  نیشان بدەن.








AM:11:47:02/09/2022