بۆ چارەسەری گرفتی بازرگانانی سلێمانی بڕیاردرا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی بازرگان و پیشەسازانی سنووری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی تایبەت پێك دەھێنێت.  

ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی د.كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و ژماریەكی بەرچاو لە بازرگانان و پیشەسازانی سنوری پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە.  

بەپێی ڕاگەیەنراوێك وەزارەتی دارایی، لەو كۆبونەوەیەدا وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاندووە "ھەموو ھەوڵێك دەدەین كە سەرجەم لەمپەرو گرفتەكانی بەردەم بازرگانان نەھێلێن و بەجۆرێكیش ڕێكخستنەوە بۆ شێوازی باجی سەر بازرگانان ڕێكبخەینەوە كە سودی گشتی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەكانەوە تێیدا جێگیربكرێت."   

هەروەها وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا، لیژنەیەكی تایبەت كە وەك ھێڵی گەرمی نێوان بازرگانان و وەزارەت  پێكبھێنرێت و نوێنەری ھەریەك لە ژوری بازرگانی و پیشەساز و بازرگانانی تێدابێت.  



PM:07:31:03/09/2022