واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ بانگهێشتی وەزیری سامانە سرووشتیەکان

٣٧ پەڕلەمانتاری كوردستان واژۆ بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بۆ پەڕلەمانی كوردستان كۆدەكەنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان و ڕێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز.

 

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بڵاویكردووەتەوە، "زستان و سەرما لە ڕێگەیە، گرانی نەوتی‌ سپی ماڵان كێشەیەكی‌ جددی‌‌ گەورەیە بۆ هەزاران خێزان، پێویستە حكومەت و دەسەڵات داوای‌ خەڵك بۆ دابەشكردنی‌ نەوت بەهەند وەربگرن".

 

وتیشی "گرانبوونی‌ نەوتی‌ سپی‌ ماڵان‌ و كەمبوونەوەی‌ غازو مەترسی‌ دار بڕین و شێواندنی ژینگە، یەك هاوكێشەیەو هەمووی‌ پەیوەندی‌ بە یەكەوە هەیە، پێویستە حكومەت‌ و دەسەڵات لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە زۆر بەزوویی‌ لەمبارەیەوە هەنگاوی‌ كردارییان هەبێت، تا هەر خێزانێك لانیكەم بەرمیلێك نەوتی‌ پێبگات لەم زستانە بە نرخی‌ پاڵپشتیكراوی‌ گونجاو، هەروەها ڕێژەی‌ دابەشكردنی‌ غاز بۆ ماڵان زیاد بكرێت، چونكە لە ئێستەوە ئەویش كەمبووەتەوەو گران بووە، ئەگەر ئەمە كرا، دارستانەكانیش سەلامەت دەبن ‌و ژینگە پارێزراو دەبێت بەبێ سزاو پۆلیس".

 

ئەوپەرلەم،انتارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بە واژۆی‌ (٣٧) ئەندام پەرلەمان، داوامان كرد كۆبوونەوەیەكی‌ تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بە ئامادەبوونی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی‌ بە زوویی‌ وەڵامی‌ داوای‌ خەڵك بدرێتەوە، چونكە حكومەت نەوتی‌ هەیەو پاڵاوگەی‌ پێویستیش لە كوردستان هەیە، كەواتە بۆچی‌ كێشەو قەیرانی نەوت‌ و غاز بەو قەبارەیە هەبێت لە كوردستان؟


دەقی نوسراوەکە بەم شێوەیە هاتووە:


PM:02:58:06/09/2022