ئەمڕۆ چوارشەممە سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ راوێژكارى باڵاى سه‌ربازی بەریتانیا بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئەفریقا كۆبووه‌وه و رایگه‌یاند" پێویستە لایه‌نه سیاسییه‌كان بگه‌نه لێكگه‌یشتن و رێككه‌وتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق".
بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له مارشال سامى سامپسۆن، ڕاوێژكارى باڵاى سه‌ربازى بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئەفریقا و شاندێكى یاوه‌رى كرد، له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیرى پێشمه‌رگه ئاماده‌ى بو، په‌یوه‌ندییه‌كانى بەریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسی عێراق، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و جموجوڵه‌كانى داعش، پڕۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانی جه‌ختى له پێویستی به‌رده‌وامی هاوكارى بەریتانیا و دۆستان له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه" هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر پێویستى گه‌یشتنى لایه‌نه سیاسییه‌كان به لێكگه‌یشتن و رێككه‌وتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیری سیاسى وڵات، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له گرنگى یه‌كڕیزی لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه".