سەرۆکی نەوەی نوێ: زیاتر لە (٢٢) ملیار دۆلار لەم کابینەیەی حکومەت دیار نییە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چه‌ند زانیارییه‌كى دەربارەی داهاتى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردووى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت ئاشكرا کرد و ڕایده‌گه‌یه‌نێت" له‌ ماوەی سێ ساڵدا نیو ملیار به‌رمیل نه‌وت فرۆشراوه‌ و كۆى داهاتیش بریتیه‌ له‌ (٤٠) ملیار دۆلار و ته‌نها (١٧) ملیار و (٩٨٠) ملیۆن دۆلار بۆ مووچە دابینکراوە". 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد" بەپێی داهاتەکانی ئەم کابینەیە واتە کابینەی نۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٢٢) ملیار دۆلار دیار نییە". 

وتیشی" له‌م كابینه‌یه‌دا نیو ملیار به‌رمیل نه‌وت فرۆشراوه‌، سه‌روى (٢٥) ملیار دۆلار نه‌وت فرۆشراوه‌، هاوكات سه‌رو چوار ملیار دۆلار پاره‌ى به‌غداد هاتۆته‌ هه‌رێم‌ و سه‌روو (١٠) ملیار دۆلاریش داهاتى ناوخۆمان هه‌بووە". 

شاسوار عه‌بدولواحید ڕوونیشیکردەوە، كۆى داهاتى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردودا به‌ گشتى بریتیه‌ لە (٤٠) ملیار دۆلار و هه‌ر له‌ ماوه‌ى سێ ساڵدا ته‌نها ١٧ ملیار و ٩٨٠ ملیۆن دۆلار دراوه‌ به‌ مووچه‌". 

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەم کابینەیەدا هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی جێبەجێ نەکراوە، تەنانەت شەقامی (١٠٠) مەتری سلێمانی و رێگای کەلار سلێمانی و تونێلی دەربەندیخان و چەندان پرۆژەی تر بە تەواونەکراوی ماوەتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد، لەم کابینەیەدا ئازادی تاکەکەس تەسکتر بووەتەوە و گیراوانی بادینانیش نمونەیەکی باشی کەمی ئازادییە لەم کابینەیەدا.

دەشڵێت" پێش ئەم کابینە نرخی بەرمیلێک نەوت (١٥٠) هەزار بوو ئێستا (٣٠٠) هەزارە، نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە و چەندین جۆری باج زیادکراوە". 

دووپاتیشیکردەوە، هەموو ئەم کارانە وایکردووە بازاڕ ئیفلیج ببێت و چەندین کۆمپانیا دابخرێت.


PM:12:16:07/09/2022