بارزانی: لاریمان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە

 مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، "هیچ لاریەكمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە بە مەرجێك زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەلینا ڕۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ئێرڤن هیكس، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوەی بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە "لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵاوی سەرۆك بایدنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هێمای بەوە دا كە سەرۆك بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی و جەختیشی لەوە كردەوە كە سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق، بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە و، وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، داوای كرد كە سەرۆك بارزانی بە حیكمەت و كاریگەریی خۆی پتر بە ڕۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق هەڵبستێت." 

باس لەوەشکراوە  "هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆك بایدن هەبوو. هەروەها كورتەیەكیشی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە." 

ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر ڕێككەوتن و پێكهاتنێك دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور بە ڕوونی و بە جددی كاری لەسەر بكرێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە لە عێراقدا دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبووڵكردن هەبێت و، نابێ هیچ لایەنێك هەوڵی سڕینەوەی لایەنی تر بدات و دەبێ ڕێز لە دەستوور بگرێت. سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هیچ لاریەكمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نیە بە مەرجێك زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت و ڕێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت." 



PM:03:01:07/09/2022