وەزارەتی
بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "كار دەكەن ئەو بەشە خۆراكەی
كە دێت لە زووترین كاتدا بگاتە دەستی هاووڵاتیان:".
ئەمڕۆ چوار
شەممە ٧ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
کە سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، لەگەڵ تیمی وەزارەت
تایبەت بە بابەتی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان كۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوە کەدا بە وردی
باس لە گرفت و كێشەكان كرا، بڕیاریشە كاری جدی بكرێت ئەو بەشە خۆراكەی لە حكوومەتی
فیدڕاڵەوە دێت لە زووترین كاتدا بگاتە دەستی هاووڵاتیان.
كۆبوونەوەكە بە
ئامادەبوونی بەرێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و نوێنەری وەزارەتی
دارایی ئەنجام درا.
بریكاری وەزارەت
بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بەوەكرد " ئەو گلەییانەی دەكرێت لەسەر جۆر و
كواڵێتی و بڕی خۆراكی مانگانە، پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی
کوردستان نییە و راستەوخۆ لە حكوومەتی فیدڕاڵەوە دێت و پەیوەندی بەوانەوە هەیە و وەزارەتی
بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان تەنیا هۆکارێکە بۆ دابەشكردن و گەیاندنی بەشەخۆراك
بە هاووڵاتیان".
دەشڵێت "بوونی
هەر گرفتێك لەبەردەم ئەو دابەشكردنەدا کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، پێویستە بە هەموو
لایەك هەوڵ بدەین لە زووترین كاتدا ئەو بڕە خۆراكە بگاتە هاووڵاتیان و لە كۆكاگاندا
نەمێننەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکە
جەخت کراوەتەوە، پاش گوێگرتن لە سەرجەم بەڕێوەبەران و ئامادەبووان، بڕیار درا لە رێگەی
چەند لیژنەیەكەوە چارەسەری كێشەكان بكرێن.
نەوزاد شێخ
كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی
كوردستان، ڕاگەیاند "بەشەخۆراكی حەوتەم هاتووە و دەست بە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكان
و هاووڵاتییاندا كراوە".
ناوبراو باسی
لەوەشکرد، ئەو مادانەی دێت دابەش دەکرێت، هیچ
خۆراك و بەشەخۆراكێك نافەوتێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار دوادەكەوێت،
بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا
هەر دێت و دابەشی دەكەین".
بە گشتی، سەبەتەی خۆراکی
مانگانەی هاووڵاتییان، پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی تهماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک،
برنج و ئارد.