هێزەكانی پەكەكە برای بەرپرسێكی یەكێتی دەستگیر دەكەن


هێزەكانی پەكەكە برای بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر دەكەن، كەسوكاریشی فشار لە یەكێتی دەكەن بۆ ئازادكردنی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی نێو یەكێتییەوە دەست (سپی) كەوتووە "لە چەند ڕۆژی رابردوودا برایەكی قادر وەتمان، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە ڕانیە، بە كاری تایبەت بە خۆی لە دەڤەرەكەدا هاتوچۆی كردووە و بە ناوچەیەكدا تێپەڕیوە كە هێزەكانی پەكەكە تێیدا باڵادەستن، بەڵام مەفرەزەیەكی تایبەتی پەكەكە لەم كاتەدا بازگەیان داناوە و بە دەمامكەوە براكەی قادر وەتمانیان راگرتووە و پشكنینێكی وردیان بۆ كردووە".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد "مەفرەزەكە پاش ئەوەی وێنەی (قادر وەتمان)ی برایان لەنێو مۆبایلەكەیدا دۆزیوەتەوە، هێزەكەی پەكەكە براكەی ئەو بەرپرسەی یەكێتییان دەستبەسەر كردووە و پاش پەیوەندیكردنیان بە سەرووی خۆیان، لیكۆڵینەوەیەكی وردیان لەگەڵدا كردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتی "پاش ئەوەی قادر وەتمان زانیویەتی براكەی لەلایەن پەكەكەوە گیراوە، لەنێو یەكێتییەوە فشارێكی زۆریان كردووە تاكو پەكەكە رازی بێت و ئازادی بكەن".



PM:09:43:07/09/2022