بەرپرسێكی دهۆك: پێم باشە حكومەت خۆی سەرپەرشتی دانانی كامێرای تیژڕەوی بكات

بەرپرسێكی پارێزگای دهۆك رایدەگەیەنێت، خەڵكی هەر ئیشێك بە كۆمپانیا بدرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، لەبەرئەوە پێی باشە حكومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی دانانی كامێرای پۆینت تو پۆینت بگرێتە ئەستۆی خۆی.

فەهیم عەبدوڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "قوربانییەكانی هاتوچۆ لەسەرتاسەری كوردستان تا دێت لە زیادبوندان، من لەگەڵ دانانی سنورێكم بۆ ئەو تیژڕەوییەی كە بۆتە هۆی كەوتنەوەی چەندەها قوربانی لەسەرتاسەری كوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئیستغلالی هاوڵاتی بكرێت یاخود ئەم مەسەلەیە بكرێتە بابەتێكی فشار لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك، بەڵام دەبێت هەموان پابەندی یاساكانی هاتوچۆ بین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە،"خەڵكی ئێمە هەر ئیشێك بە كۆمپانیا بدرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، لەبەر ئەوە پێم باشە حكومەت بۆ خۆی هەستێت بەدانانی ئەو سیستمە، من نازانم بەڵام هەمو دنیاش سیستمی هاتوچۆی خۆی هەیە و لە ژێر چاودێری حكومەتدایە، من پێم باشە حكومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی ئەو كارە( دانانی كامێرای پۆینت تو پۆینت) بگرێتە ئەستۆی خۆی، ڕەنگە ئەوكات لەسەر هاوڵاتی ئاسانتر بێت وە هاوڵاتیش باشتر پێشوازی لەم سیستمە بكات".


فەهیم عەبدوڵا وتویەتی "ئێستا لە پارێزگای دهۆك پڕۆسەیەك هەیە كە لێرەوە دەست پێدەكرێت، ئەویش ئەوەیە كارەبای نیشتمانی بكرێتە كارت، بە بۆچونی من ئەگەر حكومەت بۆ خۆی لە ڕێگای وەزارەتی كارەباوە ئەوە بكات و ڕاستەوخۆ دەستی كۆمپانیاكانی تێدا نەبێت خەڵك زۆر بە باشی پێشوازی لێدەكات و بۆ حكومەتیش زۆر باشترە، ئەم سیستمە لە سەنتەری بازاڕی دهۆكەوە تێست دەكرێت بۆ ئەوەی كارەبای نیشتمانی ببێتە 24 كاتژمێر، بۆیە ئەو دوكەڵ و دەنگە دەنگەی مۆلیدەكان ڕەنگە نەمێنێت، دوەم حكومەتیش پارەی كارەبا وەردەگرێت، هاوڵاتیش خۆی خەون بەو ڕۆژەوە دەبینێت كە كارەباكەی ببێتە بیست و چوار كاتژمێر، ئامانجەكەش هەر بۆ كارەبای 24 كاتژمێرییە تا مۆلیدەش نەمێنێت، ئێستا ئەم پڕۆژەیە حكومەت خۆی جێبەجێی دەكات".



AM:09:49:08/09/2022