سەرۆکی حکومەت: پشتیوانی له‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ده‌كه‌ین

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و سوریا كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند" پشتیوانی له‌ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە نزیکترینکاتدا ده‌كەین". 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و سوریا کرد بە سەرۆکایەتی ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، لە کۆبونەوەکەدا کە بەرپرسی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سوریا دان ستوینسکو و ئه‌ندێرس ویبێرگ، سه‌رۆكى نوێى نێرده‌ى ڕاوێژكاری یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عێراق ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کرا. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" 
سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە سوریا، سوپاسی هاریکاری مرۆی حکومەتی هەرێمی بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم و ئاسانکاری هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد". 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەدا" سەرۆکی حکومەت پشتیوانی حکومەتی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا دوپات کردەوە و ئامادەی حکومەتیشی بۆ هەر هاریکاری و کارئاسانییەک، بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند".


PM:08:28:08/09/2022