د.سەباح هەورامی: هەندێک لە دەرمانسازان لەگەڵ پزیشکەکان ڕێککەوتون بۆ ساختە کردنی دەرمان

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، دەرمانی ساختە و دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە بازاڕەكاندا هەیە و  ئەوەش ئاشکرادەکات، کە بەشێك لە دەرمانسازان لەگەڵ پزیشكەكان ڕێكدەكەون بۆ ساخكردنەوەی دەرمان.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئەیلول، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەریی گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "گومانی زۆر لەسەر سەرچاوەكانی دەرمان هەیە لە هەرێمی كوردستان، پێویستیشە نەیشارینەوە، كە خۆشمان گومانمان هەیە لە سەرچاوەكانی دەرمان و ئەو دەرمانانەی دێن بەشێكیان بە ڕێگای قاچاخ داخڵ دەكرێن و بەشێكیشیان لە دەرەوەی دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن".

باسی لەوشکرد کە هەر ئەمڕۆ لوتكەی دەرمانسازی عێراق و هەرێم لە شاری سلێمانی سەبارەت بە ڕێكخستنی نرخی دەرمان دەستی بە كارەكانی كرد.

باسی لەوەشکرد، هەندێك لەو دەرمانانە بەداخەوە بەهۆی ڕێككەوتنی پزیشكان و دەرمانخانەكانەوە ساخ دەكرێتەوە بەسەر نەخۆشدا، كە هەرم لەڕووی ئینسانی و هەم لەڕووی ئیداری و پیشەییەوە كارێكی نادروست و بێ‌ ویژدانییە.

ئاماژەی بەووشکرد، هیوادارین بڕیار بدرێت لە سەرچاوەی دیارەوە دەرمان بهێنرێت و بەڕێگای زانستی بگوازرێتەوە و ڕێگە نەدرێت ڕێككەوتن لەنێوان پزیشك و دەرمانخانەكان هەبێت تا نرخی دەرمان لەسەر نەخۆش زیاد بكرێت.

دەشڵێت "كێشەیەكی زۆر هەیە لەسەر نرخی دەرمان، كە دەبێت ڕێگری لەو ڕێككەوتنەی نێوان پزیشكان و دەرمانخانەكان بكرێت".

ئاشكراشی كرد، دەرمانی قاچاخ و ساختە لە بازاڕ هەیە و جیاوازی نرخ لە بازاڕ هەیە و سەرچاوەكانی هێنانی دەرمان بەشێكیان نەزانراون و دەبێت چارەسەر بكرێن.

 



PM:02:11:10/09/2022