ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ لێپرسراوی مزگەوتەکانی (سلێمانی و چەمچەماڵ و شارەزوور) کۆبووەوە و ژمارەیەک ڕێنمایی نوێی لەبارەی مزگەوتەكانەوە خستەڕوو.
تەها شێخ عەلی بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دیوان ئەمڕۆ جیلان سەباح بەڕێوەبەری مزگەوتەکان و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی بە سەرپەرشتی مامۆستا هاوژین ڕەئوف حەسەن بەڕێوبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوی مزگەوتەکانی سنوری ئەوقافی (سلێمانی و چەمچەماڵ و شارەزور) کۆبونەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، کۆبونەوەکە بۆ تیشک خستنە سەر ناوەرۆکی کۆبونەوەکەی وەزارەت و گەیاندنی بە ئەوقافەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بوو، وە جەخت کرایەوە لەسەر زیاتر خزمەت کردنی مزگەوتەکان لە ڕوووی ئیداری و پاک و خاوێنی و پاراستنی کەل و پەلی مزگەوت و ڕەچاوکردنی تەندروستی و مەرجی بیناسازی و بەرزو نزمی بڵند گۆکان و ڕەچاوکردنی باری دەرونی هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و هێمنی نێو مزگەوت و بەهێزکردنی گیانی برایەتی و لێبوردەیی ناو نوێژخوێنان و ئامادەکردنی ئاماری مزگەوتەکان.