"یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتن"

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" تائێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتوون". 

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای پارتى ڕایگەیاند" دوایین کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی بە گشتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن بوو، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جیاوازییەکان، هەروەها لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتووین، بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەبێ بۆچوونی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت". 

سەعدی پیرە، دەشڵێت" نابێ هەڵەکانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە بکەینەوە، ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراق و سیستمی فیدراڵی دەکرێت، دەبێت بە جددی وەریبگرین، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە چوونی دوو شاند بۆ دیالۆگی نیشتمانی عێراق بە دوو کارتی جیاواز، واتا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان بە کارتی خۆی، ئەمە باش نییە، بۆ ئەوە دەبێ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە یەک کارت بچینە بەغدا، هێشتا کات ماوە پێویستە بۆچوونەکان رێکبخرێن و بگەنە ئەنجامێکی باش". 

سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ رێکنەکەوتن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە کێشەکان پۆستی سەرۆک کۆمارە، لەناو هەموو پۆستەکانی هەرێم و بەغدا ئەو پۆستە بەدەست یەکێتیەوەیە، ئەگەر ئەو پۆستەمان پێ رەوا نەبینن ئەی مانای شەراکەتمان چییە، بابەتێکی دیکە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، ئێمە پێمانوایە جگە لە کارتی نیشتمانی هەموو بەڵگەنامەکانی دیکەی عێراق فێڵ و فەرەجی تیاکراوە، لیستی دەنگدەران لە ساڵی (١٩٩٢)ەوە هیچ مردوێک لەو لیستە لانەبراوە، بابەتی کۆتا بۆ یەک لایەن سوودی لێوەردەگیرێت، کۆتا بۆ ئەوەیە کلد و ئاشووری و تورکمانەکان سوودی لێوەرگرن".


AM:09:37:20/09/2022