حزبەکانی ڕۆژهەڵات پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات

لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی هەرێم دەکات و دەڵێت" ئەزمونی هەرێمی كوردستان گلێنەی چاوی هەموو كوردێكە و فەرزە لەسەر هەموومان وەك گلێنەی چاو بیپارێزین". 

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستاب سوپاسی سەرجەم خەڵكی بە شەرەفی باشوری كوردستان و هەموو كەسانە دەكات، كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد، ئەگەرچی هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكرا، سوپاسی ئەو دكتۆر و پەرستار و كادرە پزیشكییانە دەكەین كە لەكاتی رووداوەكەدا بە خێرایی و بەدەمانەوە هاتن و چارەسەری بریندارەكانیان كردین". 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:   

لەپاش هێرشی موشەكی و درۆنەكانی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حیزبەكان و ژن و منداڵ شەهید و برینداربوون، شەپۆلێكی بەرین لە هاودڵی و هاوخەمی لەلایەن خەڵكی باشوری كوردستان لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و بەتایبەتی لەو ناوچانەی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی لێبووە ئاراستەی حیزبەكان كرا. هەر كەس لەلایەن خۆیەوە باوەشی گەرمی بۆمان كردەوە ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك نیشاندا و بەمەش هەستی ئینسانی و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەیی خۆیان بە گەرموگوڕی نیشاندا.  

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەم رێگەوە سوپاسی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی باشوری كوردستان و هەموو كەسانە دەكات كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد، ئەگەرچی هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكرا. سوپاسی ئەو دكتۆر و پەرستار و كادرە پزیشكییانە دەكەین كە لەكاتی رووداوەكەدا بە خێرایی و بەدەمانەوە هاتن و چارەسەری بریندارەكانیان كردین.  

ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی باشور جارێكی دیكەی ئەوەی سەلماند كە هەر خۆمان پشتوپەنای یەكترین و ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی كورد وەك كۆماری ئیسلامی كە هەمیشە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان كوردانی باشور و رۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە دەدات.  

ئەزمونی هەرێمی كوردستان گلێنەی چاوی هەموو كوردێكە و فەرزە لەسەر هەموومان وەك گلێنەی چاو بیپارێزین.   

سڵاو لە خەڵكی بەشەرەف و نیشتمانپەروەری هەرێمی كوردستان  

بڕوخی كۆماری پەت و سێدارە  

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران  


AM:08:59:01/10/2022