بۆردوومانی فرۆکەکانی عێراق لە حەویجە ٢١ قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە

دوو رۆژە فرۆکە جەنگییەکانی عێراق بە توندی بۆردومانی حەویجە دەکەن، بەپێی سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی تەنها دوێنێ و ئەمرۆ ٢١ مەدەنی لەو شارە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی لە حەویجەوە بە سپی میدیای راگەیاند کە پاشنیوەرۆی ١٤ ی ئاب فرۆکە جەنگییەکانی عێراق بەمەبەستی لێدانی بنکەکانی چەکدارانی داعش بە توندی بۆردومانی شاری حەویجەیان کردو لەئەنجامدا لەو شارە چەند ماڵێک بەر بۆردومانەکە کەوتوون و ١٣ کەس بوونەتە قوربانی کە ٤ مناڵ و ٤ ئافرەت و ٥ پیاوە.
ئەو سەرچاوە رۆژنامەوانییە کە لەبەر چەکدارانی داعش نایەوێت نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، وتی " ئەمرۆش سەرلەبەیانی بەهەمان شێوە فرۆکەکان جارێکی تر حەویجەیان بۆردومان کردۆتەوەو لە ئەنجامدا لە مالێکدا ٨ کەس بوونە قوربانی و کەسیان نەماون".
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە بەدەیان هاوڵاتیش برینداربوون.    



PM:04:44:15/08/2014