"یەکێتی دەبێت هەڵوێستی هەبێت‌و روونکردنەوە بدات"

چەند جارێکە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێک لە کاندیدە کوردەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵێنی بە مالکی داوە کە ئەو رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەروەها بەڵێنی پێداوە کە کاغەزی سپی بۆ ئیمزا دەکات، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت" دەبێت ئەو کەسە ئاشکرا بکرێت‌و رووبەرووی لێپرسینەوەی حیزبی بکرێتەوە".
شەوی رابردوو پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا عەلی شەلال لەتەلفزیۆنی ئەلعراقیەو پێشتریش عالیە نەسیف بە سومریە نیوزی راگەیاندبوو کە یەکێک لە کاندیدە کوردەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەڵێنی بە نوری مالکی داوە کە رایدەسپێرێت بۆ پێکهێانی حکومەت ئەگەر دەنگی بدەنێ بۆ سەرۆک کۆمار، هەروەها بەڵێنی بە مالکی داوە کە کاغەزی سپی بۆ ئیمزا دەکات، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیش دەڵێت" پێویستە مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵامی ئەم لێدوانانەی دەوڵەتی یاسا بدەنەوە، ئەگەر وانییە، رەتی بکەنەوە، ئەگەر بەو شێوەیەشە پێویستە ئەو کاندیدە ئاشکرا بکرێت کە هەق بە خۆی دەدات لەدەرەوەی ئیجماعی کوردی بڕیار بدات، تەنها لەبەر وەرگرتنی پۆستێک".
بەپێی زانیاریەکانی سپی میدیا مالکی پێش مانگێک بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لای بەرپرسێکی کورد وتوویەتی کە لەلایەن یەکێتی یەوە چەند ناوێکی بۆ پێشنیار کراوە (فواد مەعسوم، بەرهەم ساڵح، د. نەجمەدین کریم، عەدنان موفتی، لەتیف رەشید). دواتر لەو پێنج کاندیدە تەنها فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح و د. نەجمەدین کەریم مانەوە.
بەرپرسەکەی باڵاکەی یەکێتی دەڵێت "پێوستە مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەک هەموو کێشەکانی تر لێی بێدەنگ نەبێت و ئەو کەسە ئاشکرا بکات کە لەدەرەوەی ئیجامعی کوردی بەڵێنی بە مالکی داوە کاغەزی سپی بۆ ئیمزا بکات".        
 



PM:05:57:15/08/2014