ئەژی ئەمین پەیامێکی نوێ لەسەر کوژرانی عەقیدەکەی دژەتیرۆر بڵاودەکاتەوە


ئەژی ئەمین لێپرسراوی لەکار لابراوی دەزگای پاراستن / زانیاری- زانیاری لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی کوژرانی عەقید هاوکار عەبدوڵا دەڵێت" ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، لە پەلاماردانی ژن و منداڵ و سەربازە ونەکانی دەیسەلمێنێت کە بەکرێگیراو و جاشەكان داماڵراون لەهەموو پابەندبوونێکی ئەخلاقیی و ئینسانی".

ئەژی ئەمین لە نوێترین لێدوانیدا کە بۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر ( د.خ) بڵاویکردۆتەوە، ئەو هەلەی قۆستۆتەوە بۆ قسە کردن لەبارەی عەقید هاوکارەوە دەڵێت " چۆن لەدایکبوونی ئەو پەیامبەرە کۆتایی هاتنی کۆیلایەتی بوو، هیوادارین ئەمساڵ دواساڵی کۆیلە و بەکرێگیراوەکانی بێگانە بێت". 

هەروەها دەشڵێت " ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، لە پەلاماردانی ژن و منداڵ و سەربازە ونەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت کە بەکرێگیراو و جاشەكان داماڵراون لەهەموو پابەندبوونێکی ئەخلاقیی و ئینسانی."
 
لە کۆتایی پۆستەکەیدا ئەژی ئەمین دەڵێت " ئەو بارودۆخەی کە بەهۆی چەند هەرزەیەکی مافیائاساوە بەتایبەت لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و کاریگەری خراپی لەسەر کۆی بارودۆخی ناوچەکە داناوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ئەزموون و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، چیتر مایەی قبوڵکردن نییە و دەبێت بۆ ڕاگرتنی هەموومان ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرشانمان قبووڵ بکەین".



PM:03:24:08/10/2022