هێرشی هاوبەشی ئەمەریکاو پێشمەرگە بۆ سەر بەنداوی موسڵ دەستیپێکرد

لەبەرەبەیانی ئەمرۆوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردەنەوەی بەنداوی موسڵ هێرشی ئاسمانی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دەستیپێکردووەو لە زەمینیشەوە هێزی پێشمەرگە لە پێشەڕەویدایە.    
کەناڵی CNN بڵاویکردەوە کە فرۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لەبەرەبەیانی ئەمرۆ ١٦ ی ئابەوە دەستیانکردووە بە بۆردومانی بنکەکانی داعش، هاوکات هێزی کوردیش دەستیان کردووە بە هێرشی پیادە.
چەکدارانی داعش رۆژی ٣ی ئاب توانیان دەستبەسەر گەورەترین وێستگەی (کەهرومائی) لە عێراقدا بگرن کە بەنداوی موسڵە و دەکەوێتە سەر رووباری دیجلە ٥٠ کم باکوری شاری موسڵ.
بەنداوی موسڵ بەیەکێک لە هەستیارترین ئەو جێگایانەی شەڕی نێوان داعش و هێزی پێشمەرگە دادەنرێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرکردەیەکی حیزبی فەزیلە گشت لایەکی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر چەکدارانی داعش ئەو هەڕەشەیەی کردوویانە کە بەندوای موسڵ دەتەقێننەوە، جێبەجێی بکەن، کارەساتێکی مرۆیی گەورە روودەدات.
عەبدولحسێن موسەوی سەرکردە لە حیزبی فەزیلە بە دووری نەزانی کە داعش بەنداوەکە بتەقێنێتەوە" چونکە داعش لە پێشووشدا سەلماندوویەتی کە هیچ شتێک نییە وا لەوان بکات کەکارێكی وا نەکەن و، ئەوان خاوەنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقیی نین".
موسەوی لەبەیانێکدا کە ١٤ ی ئاب بڵاویکردەو، دەڵێت" پێویستە حکومەتی عێراق وریابێت لە روودانی کارەساتێکی وەها، چونکە لەکاتی روودانیدا موسڵ و هەموو شارەکانی تری نزیکی نوقم دەکات بەتایبەتی ئەو شارە نزیکانەی سەر رووباری دیجلە بەوانەی دەوری بەغداشەوە" .
بەنداوی موسڵ گەورەترین بەنداوی عێراقە، ٥٠ کم لە باکوری موسڵەوەیە، ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و ئیتالیەوە دروستکرا، بۆ ٨٠ ساڵ دروستکراوە، درێژی ٣،٢ کم و بەرزی ١٣١ مەترە، گەورەترین بەنداوی عێراق و چوارەم بەنداوە لە وڵاتانی عەرەبیدا.



PM:12:12:16/08/2014