" پارتی دەترسێت و ئامادەی هەڵبژاردنی سەرۆک ناکات "


راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق باسی کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممە دەکات کە سەرۆک کۆماری تێدا هەڵدەبژێردرێت و دەڵێت" ئەگەر زۆرە پارتی بەشداری نەکات، چونکە دەترسن لە هەڵبژاردن".

هاوژین عومەر راوێژکاری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت " تا ئێستا یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک لە بارەی ئەم پرسەوە و ھەردوولا کاندیدی فەرمیی خۆیان ھەیە، ئەمە جگە لە بوونی چەند کاندیدێکی دیکەی کورد کە بە سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە."

راوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار دەڵێت"  بە پێی پێشبینی و خوێندنەوەکان لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممە، لە نێوان (٢٣٠ - ٢٥٠) ئەندام ئامادە دەبن. پێدەچێت ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیارترین ئامادەنەبووەکان بن و بەشداریی نەکەن، ئەویش بە ھۆی بوونی مەترسیی لە دەرنەچوونی کاندیدەکەیان کە بەڕێز ڕێبەر ئەحمەدە، یان بە ھۆی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق".

ئەو راوێژکارەی بەرهەم ساڵح باس لەوەش دەکات کە تا ئێستا و بە پێی پێشبینی و خوێندنەوەکان، د. بەرھەم ساڵح زۆرترین چانسی بردنەوەی ھەڵبژاردنەکەی ھەیە بۆ جاری دووھەم و مەقبوولییەتێکی گەورەی لە ناو زۆرینەی لایەن و پەرلەمانتارەکانی عێراق ھەیە.

" بە پێی زانیارییەکان، لە دەرەوەی پەرلەمانیش، بەڕێز موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی ڕەزامەندن لەسەر جارێکی دیکە ھەڵبژاردنەوەی دکتۆر بەرھەم ساڵح بە سەرۆککۆمار و ھیچ گرفتێک لەوبارەیەوە نابینن، بەڵام پێدەچێت سەرنج و گرفتیان لەسەر ڕاسپاردنی موحەممەد شیاع سودانی ھەبێت بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق". ( راوێژکارەکەی بەرهەم ساڵح دەیڵێت).

بە پێی ماددەی (٧٠) لە دەستووری عێراق، نیصابی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە (٢٢٠) ئەندام، واتە دوو لەسەر سێی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تەواو دەبێت.

ھەر بە پێی ھەمان ماددە، براوەی ھەڵبژاردنەکە لە خولی یەکەمدا پێویستیی بە ھەمان ڕێژە و ژمارەی دەنگ ھەیە، ئەگەر ھیچ یەکێکیش لە کاندیدەکان نەیان توانی لە خولی یەکەمدا ئەو ژمارەیە بەدەست بھێنن، ئەوا خولی دووەمی ھەڵبژاردن بۆ یەکەم و دووەم کاندید کە زۆرترینی دەنگەکانیان بەدەست ھێناوە، ساز دەکرێت، لەو خولەی دووەمی ھەڵبژاردنەکەدا ھەرکام لەو دوو کاندیدە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست ھێنا، ئەوە دەبێتە سەرۆک کۆماری داھاتووی عێراق.



PM:05:46:11/10/2022