دهۆك؛ لە یەك ساڵدا ٤٠ بیری ئاو وشكبوون

بەھۆی وشكەساڵییەوە تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا ٤٠ بیری ئاو لە سنووری پارێزگای دھۆك وشكبوون، بەرپرسانیش داوای دروستكردنی بەنداو دەكەن.

عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی دھۆك بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای دھۆك زۆر كەمی كردووە و مەترسی لەسەر كەرتی ئاو پەیدا كردووە لەو پارێزگایە، چونكە تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا ٤٠ بیر لە سنووری پارێزگای دھۆك وشك بوون و تا دێت ژمارەی ئەو بیرانەی وشك دەبن بەرەو ھەڵكشانە، ھەرچەندە ئیدارەی خۆجێی دھۆك لە ھەوڵدایە مۆڵەت بەو شوێنانە بدات كە بیریان وشك بووە، بەڵام ئەمە نابێتە چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی.'

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "وشكبوونی بیرەكانی سنووری دھۆك مەترسییان ھەیە بۆ سەر دانیشتووانی پارێزگاكە، ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ گوندێك بەھۆی بێئاوی و وشكبوونی بیرەوە چۆڵ نەكراوە، بەڵام ئەگەر لە داھاتوودا ڕەوشەكە بەو شێوەیە بێت ئەوە مەترسیی چۆڵبوونیش دەبێت.'

عەبدولمەجید عەبدوڵڵا وتویەتی "پێشنیازمان داوەتە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی كە ژمارەیەك بەنداوی گەورە و بچووك دروست بكرێن، چونكە بە دروستكردنی بەنداو دەتوانرێت لە زیانەكانی وشكەساڵی كەم بكەینەوە و كاریگەریش دەببێت لەسەر ئاوی ژێرزەوی.''



PM:08:51:11/10/2022