(سپی) نهێنی رێككەوتنی پارتی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكات


هەریەك لە پارتی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەنهێنی رێككەوتوون بۆ دەرچوواندنی د.لەتیف رەشید، كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە بری د.بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (سپی) كەوتوون، هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (لە سوننەكان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، لە شیعەش نوری مالكی) بەنهێنی رێككەوتوون كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەنگ بە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەو پۆستە نەدەن و لە بەرامبەردا دەنگ بە د.لەتیف رەشید، كاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە بدەن.

زانیارییەكانی سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكەن، لەو رێككەوتنە نهێنییەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوور و نزیك ئاگادار نییە، تەنانەت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە نوری مالكی تووڕە بووە كە لە پشتگیریكردنیان بۆ بەرهەم ساڵح، لەگەڵیان راستگۆ نەبوون.

لەماوەی ئەمساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ململانێیان بوو، هەرچی یەكێتییە سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتیش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

لەتیف رەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، بەڵام وەك كاندیدی سەربەخۆ، خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.



PM:02:22:12/10/2022