وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئێوە بەتەنیا بەجێناهێڵین

‌کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بارزانی رایگەیاند دەبێ كاتێك بەدیبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەلومەرجی باشتردا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێ نیشانی بدەین كە ئێوە بەتەنیا بەجێناهێڵین.

پاش كۆبوونەوەی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی  هەرێمی كوردستان‌و وەزیری دەرەوەی توركیا، هەر دوو لا كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسییان سازكرد.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی  هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ هاتنی شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند، "ئەم سەردانە دەلیلی ئەوەیە كە دۆستانمان لە كاتی تەنگانەدا بەهانامانەوە هاتوون و پشتگیریمان دەكەن".

مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند، "رۆژ بە رۆژ پشتیوانی دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر و زیاتر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی هەمو دۆستانمان دەكەین كە هاوكارییان كردووین، ئێمەش وەك خەڵكی كوردستان دەبێ ئەوە بزانین كە ئەوان بۆ بەمشێوەیە پشتماندەگرن، ئەمەش لەبەر ئەو بەهایانەیە، كە ئێمە پشتمان پێبەستووە، كە دیموكراسی، ئازادی، لێبووردەیی و پێكەوەژیانە".

بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە "تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە هێشتنەوەی ئەو بەهایانە دەكەین و هەمووشمان پێكەوە لەم وڵاتەدا دەبێ بە ئازادی و سەربەستی بژین".

لە بەرامبەردا، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سوپاسی پێشوازی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی، "دەبێ كاتێك بەدیبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەلومەرجی باشتردا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێ نیشانی بدەین كە ئێوە بەتەنیا بەجێناهێڵین".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، "ئاوارەكان لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین و مرۆڤانێك هەموو شتێكی خۆیان بەجێهێشتووە و هەڵاتوون، بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان رزگار بكەن لە کارە وەحشییەتەكانی داعش لە دژیان".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتیشی، "ئەو ئاوارانەی لە چیای شنگالەوە توانراوە رزگار بكرێن، زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەو پێشوازییەی لێیانكردن، لەم هەلومەرجەشدا پێویستە وڵاتانی ئەوروپی هاوكاریتان پێشكەش بكەن".

شتاینمایەر باسی لە هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ ئاوارەكان کرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە وەكو حكومەتی ئەڵمانیا 4.5 ملیۆن یۆرۆمان دابینكرد و پێشكەشكراوە، لە چوارشەممەی رابردووشدا بە جەنابی سەرۆكم راگەیاند، كە 20 ملیۆن یۆرۆی دیكە تەرخانكراوە بۆ یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەكان لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها گوتی، "دوێنێ (رۆژی هەینی 15.8.2014)، یەكەم پارەی گەیاندنی كۆمەكەكانمان لە رێگەی فڕۆكەوە ناردووە و بڕی دیكەش بەڕێوەیە".

شتاینمایەر ئەوەشی خستەڕوو، كە "ئێستا ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە دەبێ ژێرخانێكیان بۆ ئامادە بكرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڵاتانی دیكە بۆ ئەوەی بتوانن شوێنی حەوانەوەیان هەبێت".

فرانک واڵتەر شتاینمایەر، لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە گوتی، "هەموو جیهان بە سەربەزییەوە دەڕواننە كارەكانیان و بەرز دەیاننرخێنێ، بەڵام هاوكاری ئاسمانی ئەمریكاش پێویست بوو".

ئاشكرایشی كرد، لەگەڵ بارزانی تاوتوێی ئەوە دەكەن، كە چ جۆرە چەكێك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتی ئەڵمانیا بتوانێ هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات لە رووی پڕچەككردنەوە.



PM:03:11:16/08/2014