محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپێردرا

لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپارد.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق سوێندی یاسایی خوارد، كاندیدی هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، محەمەد شیاع سودانی، راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە. 

بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی (٣٠) رۆژدا پێش پەرلەمانی عێراق كابینەكەی پێشكەش بكات بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

سودانی ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە شیعەکان لە خۆدەگرێت، جگە لە رەوتی سەدر.

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوەی کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کردبوو، محەمەد شیاع سودانی وەک کاندیدی خۆی هەڵبژارد.

سودانی سیاسەتمەدارێکی عێراقییە کە بۆ ماوەی سێ خولی هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەک لە عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا.

هەروەها سودانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە.

دوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راگەیاند و بزوتنەوەی فوراتی دامەزراند، لە یەکەم بەشداری هەڵبژاردنیدا سێ کورسی پەرلەمانی ئێستای بەدەستهێنا، دواتر پەیوەندی بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کرد وەک هێزێکی سیاسی شیعە.


PM:08:12:13/10/2022