لەسەر بڵاوكردنەوەی "دانپێدانانی بكوژرانی هاوكار جاف" لاهور جەنگی پەیامێکی بڵاوكردەوە

ئەمشەو لاهور جەنگی پەیامێکی نوێی لەبارەی بڵاوكردنەوەی "دانپێدانانی بكوژرانی عەقید هاوكار جاف" بڵاوكردەوە و دەڵێت" لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر". 

لە بڵاوکراوەکەیدا لاهور جەنگی ڕایگەیاند" خۆشحاڵم کە دەبینم کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جیاوازتر لە کەیسی تیرۆرکردنی شەهید موراد و هاوڕێکانی ڕێڕەوی ڕاستی خۆی وەرگرتووە، سەرەڕای دەستخۆشی زۆرم بۆ هێزە ئەمنییەکان کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا بکەرانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە بێویژدانییە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکەن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستاشدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لەم تاوانە قێزەونە تیرۆریستییە، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کەتنی لەم جۆرە کە نەک تەنیا شەهید هاوکاریان کردە ئامانج، بەڵکو دەستیان برد بۆ خێزان و منداڵەکانیشی.

هەروەها لاهور جەنگی لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا پەیامێکیش ئاڕاستەی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکات و دەڵێت" هەروەک لە دواین کۆبوونەوەم لەگەڵ ئێوەدا پێم ڕاگەیاندن کە ڕێگە مەدەن هیچ کەس و لایەنێک ناو و ناوبانگتان لەکەدار بکەن، چونکە ئێوە ئەو پلەیەتان بە خوێن بەدەستهێناوە، نابێت لە پێناو پۆست و پارە لەدەستی بدەن، لە ئێستادا هەرگیز ڕێگەمەدەن بەو کەسانەی کە لە دوای کەتنەکەی ٨ی تەمووزەوە لە پێناو پۆست و پارە خۆیان فرۆشت، چیتر ناو و ناوبانگتان لە کەدار بکەن". 

بڵاوکراوەکەی لاهور جەنگی لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایش هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی "تۆمەتبارانی بکوژی عەقید هاوکار جاف"ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ڕووداوەکە بەسەرپەرشتی بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی ئەنجام دراوە". 


PM:10:41:13/10/2022