پارتی بێ مەراسیم یادی ٦٨ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەی کردەوە

ئەمرۆ یادی دامەزراندنی ٦٨ ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام پارتی بەبۆنەی بارودۆخی کوردستان و شەڕی داعشەوە دژی خەڵکی کوردستان ئەو یادەی نەکردەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا گەورەترین پارتی باشوری کوردستانە لە پەرلەمانی کوردستان و لەپەرلەمانی عێراق، زۆر بەدەگمەن یادی دامەزراندنی پارتەکەی نەکردۆتەوە لەو دەمەشدا کە لەشاخ بوو مەراسیمی تایبەتی بۆ ئەو بۆنەیە سازکردووە، بەڵام ئەمساڵ ١٦ ئاب کە ئەمرۆ بوو، ئەو حیزبە هیچ جۆرە مەراسیمێک و ئاهەنگێکی ساز نەکرد.
لە یادی ٦٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی تەنها یەک راگەیاندنی کورتی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی دەکات خۆیان ئامادەکەن بۆ جەنگ شان بەشانی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی کوردستان یان نەمان.
لەسەر پرسی ئاوارەکانی شەنگالیش دەڵێت" باسی كۆمەڵكوژیی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی دەكرێت، ئەوە كۆمەڵكوژیی كوردە، ئەنفالێكی ترە، كیمیابارانێكی ترە و، چۆن ئەنفالچییەكان و ئەوانەی خەڵكی كوردستانیان كیمیاباران كرد بە سزای خۆیان گەییشتن، ئەم تاوانبارانەیش بە سزای خۆیان دەگەن. ئەبێ كوردستان ببێتە گۆڕستانی تیرۆریستان و هەموو ناحەزانی گەلەكەمان".  



PM:08:45:16/08/2014